نەوزاد هادی: بەڵگەی تەواو لە بارەی دەستگیرکراوەکان لەبەردەستە و خەڵکی دیکەش دەگیرێت

نەوزاد هادی: بەڵگەی تەواو لە بارەی دەستگیرکراوەکان لەبەردەستە و خەڵکی دیکەش دەگیرێت
پارێزگاری هەولێر باس لە ڕووداوە تیرۆرستییەکەی بەردەم کەناڵێکی ئاسمانی لە هەولێر دەکات و
دەدا و دەڵێت: "بەڵگەی تەواو لەبارەی گیراوەکان لەبەردەست هەیە" و ئەوەشی ئاشکرا کرد کە خەڵکی دیکەش دەستگیر دەکرێن.

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لێژنەی ئەمنیی پارێزگاکە، ڕایگەیاند: “هەق نییە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان وابیر بکاتەوە، چونکە ئەمە تیرۆرە، ئەوەی کە ئێمە باسمان کردووە، بەڵگەی ماددی لەگەڵ دایە و تیرۆرە، تیرۆر هی ئەوە نییە لەبەر ئەوەی کادیرەکە سەر بە فڵان حزبە، دەبێت ئەو حزبە ڕاستەوخۆ بەرگری بکات، دەبێت هەموومان بەرامبەر بە تیرۆر ڕابوەستین، جا لە هەر حزبێک بێت”. گوتیشی: “حزبێکی وەک کۆمەڵ کە لە پەرلەمان و حکوومەتدا بەشدارن، دەبێت بەو پەڕی راشکاوەوە پێیان رابگەیەنن کە دەبێت بە ئاسایی دۆخەکە وەربگرن و دەبێت هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکان بکەن، چونکە ئەمنییەت پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە، بەئامانج گرتنی دەزگایەکی راگەیاندنی بەو شێوازە زۆر پرسیاری لێدەبێتەوە”.

پارێزگاری هەولێر لە لێدوانەکەیدا ئەوەشی دووپات کردەوە: “دەبێت کۆمەڵ پەلە نەکات، چونکە دەلیل هەیە و تەحقیق هەیە و ئیسپادات هەیە لەو بارەوە، دەتوانن سەردانی ئاسایش بکەن و پارێزەر بگرن، چونکە کارگێڕ مەڵبەندە، بۆ ئەوەی بەرگری لێبکەن، دەتوانن ئەوە بکەن بۆ ئەوەی ڕاستیی ڕووداوەکە دیار بێت، چونکە ئێمە ناتوانین شتێک بە ناهەق لەسەر خەڵک فەرز بکەین". ڕوونیشی کردەوە: ”ئەم بابەتە هەموو دەلیلی تەواوی تێدایە و بەشێوەیەکی یاساییانە بەرپرسن، ئەمە تیرۆرە، بۆ پرسی تیرۆر بەدیار هیچ شتێکەوە ڕاناوەستێت، تیرۆر هەڕەشەیە لەسەر هەموومان و هەموو خەڵک دژایەتی دەکات و دەبێت هاوکاربن لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی بگەینە دەرئەنجامێک، دواتر هیچ تۆمەتێک نەخراوەتە پاڵ کۆمەڵ، چونکە لێکۆڵینەوە تەواو نەبووە، رەنگە خەڵکی دیکەشی لەگەڵ بێت و خەڵکی دیکەش لەسەر ئەو دۆسییەیە دەگیرێت".

نەوزاد هادی پێی وایە: “ئەو کەسەی دەستگیر کراوە، گومانلێکراو نییە، تۆمەتبارە، بەڵگەی ماددی لەسەر هەیە و هەردووکیان گیراون و تۆمەتبارن لەسەر ئەو دۆسییەیە و خەڵکی دیکەش گیراون، ئەمڕۆش لەسەر ئەو دۆسییەکە گیراو هەبووە، بۆیە کاتێک حزبێک کادیرێکی لەسەر ئەو دۆسیەیە گیراوە، دەبێت سوپاسی ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکان بکات کە حزبەکەی پاک دەکاتەوە لە خەڵکی خراپ، نەک بێت هەڵوێست وەربگرێت و بیباتەوە بۆ بابەتی سیاسی، ئەمە هیچ پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە، ئەوانە تاوانبارن بە بەڵگەی ماددییەوە”.

پارێزگاری هەولێر باسی لەوە کرد: "ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی ئەو کارە دەکات و ئەوان هەموو بەڵگە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە دەدەن، ئەگەر پێویست بکات، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوە ماوە، ئێمە ماوەیەک پێش ئێستا دەرئەنجامی بڕیاری تەقینەوەکەی بەردەم پارێزگای هەولێرمان بینی کە سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوە تەواو بوو، ئەوان دەتوانن موراجەعە بکەن، ئەو کاتە ئاسایش هاوکاریان دەبێت، بۆیە لە جیاتی هەڵوێست، دەتوانن سەردانی ئاسایش بکەن".

ئەمە لە کاتێک دایە پێشتر ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا دەستگیرکردنی کادیرەکانی بە ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بەستبووەوە.










باسنیوز
Top