سەرکردەیەکی پارتی: ئەدەبیاتی نەوشیروان مستەفا بەسەر ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتیدا زاڵە
د.ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیمورکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “پارتی دیموکراتیی کوردستان بە فەرمی هیچ هەڵوێستێکی لەسەر سەردانەکانی گۆڕان و یەکێتی بۆ بەغدا نەبووە و تا هەڵوێستی فەرمی نەبێت، هیچ کۆمێنتێکمان لەمبارەیەوە نابێت، بەڵام بە گشتی ئەو سەردانە سەرکەوتوو نەبوو و لەجێگای خۆشیدا نەبوو، چونکە ئێمە ڕۆژی یەکەم کە ڕێککەوتنی گۆران و یەکێتی کرا، ئەوان موژدەیان بەخەڵک دا کە ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد، بۆیە ئێمە نیگەران بووین بەوەی ئەم رێککەوتنەکە ناوماڵی کورد لێک دادەبڕێت”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی لە لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە: “ئەوە نیشانی دا کە کاتی خۆی وەک شاندی کوردی لەبەغدا بووین، وەک پارتی بەرگریمان لە جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرد کە سەر بەگۆڕان بوو، وەک کورد جگە لە پشتگیری، نەشمان هێشت لابدرێت، بەڵام ئێستا ئەوان بەتاک لایەنە چوونەتە بەغدا، ئەوەش نیشان دەدات کە ئەو رێککەوتنەیان نەک تەنیا خزمەت بەیەکڕیزیی ناوماڵی کورد ناکات، بەڵکوو دوور نییە زیاتر ناوماڵی کورد لە یەکتر دوور بخاتەوە”.
لەبارەی ئەو قسانەی کە دەگوترێت چوونی شاندەکە لەسەر پێشنیاری نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی گۆڕان بووە، د. ئاراس حەسۆ گوتی : "ئێمە لەوە نیگەران نەبووین کە یەکێتی و گۆڕان لەیەک نزیک دەبنەوە، نیگەرانیش نەبووین لەوەی کە یەک بگرنەوە، پارتی بەوە نیگەرانە کە زیاتر ئەدەبیاتی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا بەسەر ڕێککەوتنەکەوە زاڵە، بەر لەوەی کوردستانی بن، عێراقین و بەر لەوەی شانازی بە کوردستانی بوون بکەن، بە عێراقی بوون دەیکەن، ئەوەش لەلای خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکرێت کە لەپێناوی بەرژەوەندیی خۆیان بیانەوێت ڕیفراندۆم تێک بدەن و بۆ بەغدا بگەڕێنەوە".
باسنیوز
