عەبادی بەتوندی داوایەکی فیتنەو دووبەرەکی گۆڕان و یەکێتی رەتکردەوە
سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندەکەی یەکێتی و گۆڕان کە سەردانی ھەریەک لە نوری مالیکی سەرۆکی حزبی دەعوە و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کردووە لە چەند رۆژی رابردوو رایگەیاند، مەبەست لەو کۆبوونەوانە ئەوە بووە، شاندی دوو حزبە کوردستانییەکە روونکردنەوەیان لەبارەی رێککەوتنە سیاسییەکەی نێوانیان بۆ بەرپرسانی بەغدا داوە و راشیان گەیاندووە کە مەبەستیانە بەو رێککەوتنە باڵانسی سیاسیی لە کوردستان دروست بکەنەوە تا لە گفتوگۆی نێوان بەغدا و ھەولێردا، بەرەی ئەمانیش رۆڵ و قورساییان ھەبێ.
ھەروەھا لەو کۆبوونەوانەدا، شاندەکە داوای ھاوکاریی داراییان کردووە و ئاماژەیان بەوە داوە ئەگەر پرسەکە ھەناردەی نەوت و داھاتەکانە ئەوە ئەوان ئامادەن لەو ناوچانەی باڵادەستن بە کەرکووکەوە داھات و نەوت رادەست بە عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ بکەن، لەگەڵ ئەوەشن ھەموو داھات و نەوتی کوردستان رادەست بە عێراق بکرێتەوە و عێراق لە بەرامبەر بەوە بودجەی کوردستان بە رێژەی دیاریکراو لە دەستوور بدات، بەڵام ئەوە بە بڕیاری تەنیای ئەوان ناکرێت و پێویستە پارتییش بەوە رازی بێت.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو شاندە ھاوبەشە لە پەرلەمانتارانی یەکێتی و گۆڕان بە (حەیدەر عەبادی)یان، گوتووە ئەگەر نا رێگەیان بدەن خۆیان نەوتی ئەو ناوچانەی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان لە رێگەی ئێرانەوە بفرۆشن، لەبەرامبەر بەوەش پشتیوانی لە یەکپارچەیی عێراق دەکەن، بەڵام عەبادی زۆر بەتوندی ئەو داوا و قسانەی گۆڕانی رەت کردووەتەوە و بە شاندی گۆڕان و یەکێتیی گوتووە: گوتوویەتی ئەو پرسە لە رووی قانوونیەوە زەحمەتە و دەبێ بابەتی وا لەرێگەی یان حکوومەتی عێراق یاخود گەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەسەر بکرێ.
عەبادی گوتوشیەتی کە ئەوان وەکو حکوومەتی عێراق، پێشتر ئەزموونی خراپی ھاوشێوەیان لە بەسڕە ز باشوور ھەبووە کە ھەندێ حزب بازرگانی و قاچاخچێتیی نەوتیان لەگەڵ ئێران و وڵاتانی تردا کردووە و ئەوەش رووبەڕووی کێشەی زۆری کردوونەتەوە و حکوومەتی عێراق بەتوندی لێی داون تا ئەو قاچاخچێتییەی راگرتووە، بۆیە نایانەوێ ئەوە بۆ جاری دیکە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق کە دووبارە بێتەوە.
بە قسەی سەرچاوەکە، عەبادی لەمباریەوە ھەروەھا بە شاندی یەکێتی و گۆڕانی گوتووە: کە فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوت لە لایەن دوو حزبی وەک گۆڕان و یەکێتییەوە بە ئێران، لەم کاتەدا ئەمریکا توڕە دەکات و دۆخی ئێستای عێراق بە کەڵکی ئەوە نایەت ئەمریکا و ھاوپەیمانانی پشتی تێ بکەن.
ھەمان سەرچاوە ئاشکراشی کرد، پێشتر ئەو پرسە لە سەردانی ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی بۆ لای مالیکی بەشێوەیەکی شەفەیی باس کراوە و پارێزگاری سلێمانی داوای لە بەرپرسانی بەغدا کردووە کە پاڵپشتیان بکەن لەوەی وەک پارێزگایەکی عێراقی مامەڵە لەگەڵ سلێمانیدا بکات، نەک وەک پارێزگایەکی ھەرێمی کوردستان.
سەرتیپ جەوھەر رۆژنامەنووسی یەکێتی، لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)ی زمانحاڵی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بابەتێکیدا کە لە ژمارەی پێرییدا بڵاو بووەتەوە، لەبارەی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان نووسیویەتی: ”ئەگەری (بەھێز)ی رێککەوتنی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەناردەکردنی نەوت و غازی (سنووری سلێمانی و کەرکووک) بۆ ئێران خاڵی وەرچەرخانی ئەو گۆڕانکارییە دەبێت، ئەم رێککەوتنە ئابوورییە لەگەڵ ئێران کاریگەرییەکی گەورە لەسەر باری سیاسی و ئابووریی کوردستان دروست دەکات و پارسەنگی ھێز و بڕیار بۆ ناوخۆی کوردستان و ھەرێمەکە دەگێڕێتەوە“.
ئاماژەی بەوەش داوە کە: ”لە ناوخۆی ھەرێم چیدی چاوەڕێی یەک بۆریی نەوت و یەک سەرچاوەی ھەناردەکردن و یەک سەرچاوەی گەڕانەوەی داھات ناکرێت و یەک لایەنی سیاسیش کە رێککەوتنێکی پەنجا ساڵیی تاکلایەنەی کردووە، خاوەنی بڕیاری ئابووری نابێت، ھەر کاتێکیش شەراکەت لە ئیدارەدانی سەرچاوەی دارایی ھاتە دی، ئەوا بێگومان شەراکەت لە بڕیاری سیاسی و چارەنووسی کوردستانیش دروست دەبێت“.
لە لێدوانێکی میدیاییشدا عەلی عەلاق سەرکردە لە حزبی دەعوە کە بەشداریی لە دانیشتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی و گۆڕاندا کردووە، رای گەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتی و گۆڕان گوتوویانە کە دەیانەوێ سەرلەنوێ دانوستان لەگەڵ بەغدا بکرێت و ئەوان وەکو بەرەیەک دیدی نوێیان ھەیە و لە عێراق جیا نابنەوە و بەشێکن لە عێراقی یەکگرتوو.
لەلایەکی دیکەشەوە حەیدەر عەبادی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: ” و شاندەی یەکێتی و گۆڕان کە ھاتوون دیدی نوێیان ھەبووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر و بەغدا“.
بەپێی زانیاریەکانی سایتی (سپی میدیا)ی نزیک لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ئاشکرای کردووە: ”ئێستا نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە داھاتی ناوچەکانی سلێمانی و کەرکووک.
بە گوێرەی سایتەکە، نەوشیروان مستەفا لەدوای گەڕانەوەی لە ئەوروپا و رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان گرنگیی زۆری بە بواری ئابووری و دارایی ئەو ناوچانەی سلێمانی و کەرکووک و ھەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان داوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکات، کە پێیوایە ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ یەکێتی کردوویانە، دەبێ کاریگەریی راستەوخۆی ھەبێ لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ئەو دەڤەرانە“.
ھاوکات ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردوەتەوە، دوای تەواوبوونی راپۆرتەکەی نەوشیروان مستەفا لەسەر داھاتی ئەو ناوچانە، وا بڕیارە سەرۆکایەتیی دانیشتنێکی یەکێتی و گۆڕان بکات و زانیاریان لەسەر داھاتی ئەو ناوچانە بخاتە بەردەست و لەگەڵ چەند پێشنیارێک کە پەیوەستن بە لامەرکەزیەتی سلێمانییەوە.
سەبارەت بە پرسی جیانەبوونەوە لە عێراق و سەربەخۆیی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی رای گەیاند، راستە عەلی عەلاق لەو کۆبوونەوەیەی کە لەگەڵ حەیدەر عەبادی دانیشوون لەوێ بووە، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک شاندەکەیان ئەو قسانەی نەکردووە، گوتی: ”بەپێی خاڵێکی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان، ھەڵوێستی ھەردوولامان سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان روون کردووەتەوە“.
ھێمای بۆ ئەوەش کرد، عەلی عەلاق لەو لێدوانانەی کە لەبەردەمی ئەوان قسەی کردووە ئەوەی نەگوتووە.
لای خۆشییەوە عەرەفات کەرەم پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند، لەو تەوقیتە کە بارزانی داوای کۆبوونەوەی لایەنەکانی کردووە بۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، ھەموو شتێک لەو شاندەی یەکێتی و گۆڕان و ھاتنیان بۆ بەغدا پێشبینی کراوە.
گوتیشی: ”پێویستە یەکێتی روونکردنەوە بدات بە پارتی کە لەو کۆبوونەوانە ئەو شتانە گوتراون یان نا، دەبێ یەکێتی راشکاوانە بڵێت کە ئەو لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانە یان نا، لەوێدا بە عەبادیی گوتووە کە نایانەوێ لە عێراق جیا ببنەوە ھەروەکو عەلی عەلاق گوتوویەتی، ھەروەھا دەبێ روونکردنەوە لەسەر ئەوەش بدەن کە لەو کۆبوونەوانە چۆن باسی رادەستکردنی داھات و نەوتیان کردووە کە لە بەرامبەر بەوە عێراق بودجەی کوردستان بدات، یان گوتوویانە بۆ دژایەتیی بارزانی رێک کەوتوون، ئەوە پرسگەلێکی مەترسیدارن لەسەر دابەشبوونی سیاسی و نیشتمانی لەسەر ھەرێمی کوردستان“.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختی کردەوە بڕیاری گەڕانەوەی داھات و نەوتی کوردستان بەبێ پارتی ناتوانرێ بدرێ، گووتی ”ئەوە کاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە لەسەر ئەو پرسانە قسە لەگەڵ بەغدا بکات نەوەکو شاندێکی حزبی“.
ھاوکات نووسینگەی ئوسامە نوجەیفی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپیەکی دەست (باس) کەوتووە، رای گەیاندووە ئوسامە نوجێفی بە شاندەکەی یەکێتی و گۆڕانی راگەیاندووە، پێویستە و ھیواخوازن کە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دووبەرەکییان تێ نەکەوێت.
گوتوشیەتی: ”لەگەڵ براکانتان (پارتی دیموکراتی کوردستان) بەیەکەوە بن و لە دیاریکردنی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ بەغدا، یەک ھەڵوێست بن“.
لای خۆشییەوە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لە ژمارەی دوێنێیدا ڕاپۆرتێکی لەبارەی سەردانی شاندی ھاوبەشی فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ بەغدا بڵاو کردووەتەوە و سەرنجی لەسەر ئەوە داناوە کە یەکەم جارە کورد بە شاندی جیاواز دەچنە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و ئەم ھەنگاوەشی بە سەرەتایەکی ترسناک داناوە و ئەگەری ئەوەی خستووەتە ڕوو کە بەغدا لەپاش ئەم دابەشبوونەی شاندی کوردی، یاری بە پرس و کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداوە بکات.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی میدیاییش، حەنان فەتلاوی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بۆ کەناڵی (ئافاق)ی نزیک لە مالیکیی راگەیاندووە، سوپاسی یەکێتی و گۆڕان دەکا بۆ نیشتمانپەروەرییان لە رێگەنەدان بە دابەشبوونی عێراق.
گوتیشی: "دانیشتنمان لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان سەرکەوتوو بووە بە یەکپارچەیی عێراق و فەشەلھێنان بە پڕۆژەی بارزانی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و دابەشکردنی عێراق، لەبەرئەوە بەخێر بێت پلان و نەخشەی نەوشیروان مستەفا سەرۆکی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان".
بەڵام سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی بەوە دا ھیچ شاندێکی ھاوبەشی یەکێتی و گۆڕان نەرۆشتوونەتە بەغدا، گووتی ”ئەوانەی رۆشتوون پەرلەمانتاری عێراقن“.
ئاماژەی بەوەش دا، ھەڵوێستی یەکێتی لەسەر پرسی ریفراندۆم و مافی چارەی خۆنوسین روون و ئاشکرایە کە لەم قۆناغە پشتیوانی لە ریفراندۆم دەکا بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان، گووتیشی ”ئێمە ھیچ کات وەکو کورد نەمانووتووە عێراق دابەش دەکەین، بەڵکو وتوومانە وەکو کورد خەبات دەکەین بۆ مافەکانمان، ئێستا ئێمە ھەرێمێکین لە چوارچێوەی عێراق، ئەوە ئێمەش نین خەتەربین لەسەر یەکپارچەیی عێراق، ئەوە شیعەکان و سوونەکان خۆیانن و ناکۆکن، ھەر ئەوان پەرلەمانی عێراقیان داگیرکردو دایانخست“.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دروشمی خۆی ھەیە کە مافی چارەی خۆنوسینە، ئێستاش کە باسی ریفراندۆمە پشتیوانی لێدەکەین و ئەوەش دەکات سەرکردایەتی سیاسی کوردستان تەخویل دەکات لە کاتی پێویست ھەنگاو بھاون.
باسنیوز
