لە دوای پارێزگاری سلێمانی پارێزگاری هەڵەبجەش دەچێتە بەغدا

لە دوای پارێزگاری سلێمانی پارێزگاری هەڵەبجەش دەچێتە بەغدا
لە دوای چوونی پارێزگاری سلێمانی بۆ بەغدا، پارێزگاری هەڵەبجەش ئامادەیی خۆی بۆ چوونە بەغدا نیشان دەدات و ڕای دەگەیەنێت کە لەگەڵ مالیکی و عەبادی کۆدەبێتەوە.

لەدوای چوونی ئاسۆ فەرەیدون، پارێزگاری سلێمانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوە و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەبدوڵا نەورۆڵی پارێزگاری هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت: “دوای جەژن، شاندێکی ئیداریی هەڵەبجە سەردانی بەغدا دەكەن، بۆ ئەوەی چەند پرسێكی تایبەت بەهەڵەبجە تاوتوێ بكەن و دواكەوتنی سەردانەكەیان بۆ كێشەی سیاسیی عێراق دەگەڕێتەوە”.

پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکان دەڵێت: “داوامان لەنوێنەرانی كورد كرد لەعێراق تا دیدارێكمان بۆ ساز بكەن و لەگەڵ سەرۆكی كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وپەرلەمان كۆببینەوە، تاكێشە و گرفتەكانی هەڵەبجەیان پێبڵێن، بەڵام بەهۆی خراپی رەوشی سیاسیی عێراق، سەردانەكە بۆ دوای جەژن دواخرا”.

پارێزگاری هەڵەبجە سەر بەپشکی بزووتنەوەی گۆڕانە و پارێزگاری سلێمانیش سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.

هەر لەمبارەیەوە، زانا رۆستایی، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بازدان بەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ ئاگاداری و گەڕانەوە بۆ بەغدا بەپێی یاسا دەرچوونە، بۆیە دەبێت پارێزگارەکان لە چوارچێوەی کاری حکوومەت و بەئاگاداریی حکوومەت بجووڵێنەوە، چونکە دواجار ئەوان کارمەندی حکوومەتن”. گوتیشی: "ئەم جیاکردنەوەیە و حساب بۆ نەکردنەی حکوومەت مەترسییە و خۆ جیاکردنەوەیە".







Top