"چارەسەر ئەوەیە تۆپباران دووبارە نەبێتەوە.. حكوومەت سەرقاڵی دروستكردنی كەمپە"

قایمقامی سۆران ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، نزیكەی 120 خێزان بە هۆی تۆپبارانەوە ئاوارە بوونە و حكوومەت بە هەماهەنگی رێكخراوەكان، سەرقاڵی دروستكردنی كەمپە بۆ ئاوارەكان.

(كرمانج عێززەت)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیوكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئەنجامی تۆپبارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، شەست ماڵ لە سنووری ناحیەی سیدەكان و نزیكەی هەمان ژمارەیش لە سنوری قەزای چۆمان ئاوارە بوونە و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حالی خۆیان".

(عێززەت) راشیگەیاند: "ئێستا لەگەڵ رێكخراوەكان لە هەوڵی ئەوەداین كەمپیان بۆ بكرێتەوە، چونكە هەر جارێك ئەو هاووڵاتیانە بە هۆكاری تۆپباران ئاوارە دەبن، پێویستە شوێنی حەوانەوەیان بۆ ئامادە بكرێت و هاوكارییان بكرێت، ئەوە چارەسەری بنەڕەتیش نییە، چونكە چارەسەری بنەڕەتی ئەوەیە تۆپبارانەكە دووبارە نەبێتەوە".








KDP
Top