نوێنەری یەکێتی لە تورکیا دژی هەوڵەکانی سەربەخۆیی کوردستان دەوەستێتەوە

نوێنەری یەکێتی لە تورکیا دژی هەوڵەکانی سەربەخۆیی کوردستان دەوەستێتەوە
نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زانیاریی نەرێنی لە دژی هەوڵەکانی سەربەخۆیی کوردستان بە تورکیا دەدات و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە وەسف دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکان، بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنقەرە، هەندێک زانیاری بە ناوەندە سیاسی و دیپلۆماتییەکانی تورکیا داوە، سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان. گوتیشی: “بەهرۆز گەڵاڵی بەو ناوەندانەی گوتووە کە بارزانی خەریکی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییە”. ئەوەشی ئاشکرا کرد: “تەنانەت لە چەند شوێنێکیش گوتوویەتی، بارزانی مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا”.

هەر لەمبارەیەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 27\6\2016، جەمال عەبدوڵڵا، ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “تورکیا بەلایەنی کەمەوە 500 ساڵە کورد دەناسێت، لە شەڕی چاڵدێرانەوە کورد بەهەموو بەشەکانیەوە شی دەکاتەوە، جا ئەمە لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانی و تورکیای دوای خەلافەتی عوسمانی و دروست بوونی دەوڵەتی نوێی تورکیا، بەلایەنی کەم 100 ساڵە کورد دەناسێ و ئامانجی سەرجەم حزبەکانی کوردستان دەزانێت، بۆیە پێویستی بە بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەکێتی لە ئەنقەرە نییە کە زانیاری لەسەر حزبەکان و ئامانج و سیاسەتیان بە تورکیا بدات، بەتایبەتیش لەسەر پارتی دیموکراتیی کوردستان و بارزانی”.

بە بڕوای ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، ئەگەر کاری گەڵاڵی، بووبێتە ئەوەی زانیاری بە تورکیا بدات، ئەوا دەبوو زانیارییەکیان پێ بدات کە نهێنی و نەزانراو بێت، چونکە: “دونیا دەزانێت بارزانی سیاسەت و ئامانجی زۆر بە ڕاشکاوانەیە کە ئەویش ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە، ئەویش بەشێوەیەکی ئاشتییانەیە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی کوردستان، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش، بۆیە ئەگەر گەڵاڵی شتی وای گوتبێت، ئەوە نهێنی نەبووە تا ئاشکرای بکات”.
لەبارەی ئەوەی دەوڵەتی کوردی دەبێتە مەترسی بۆ سەر تورکیا، وەک ئەوەی نوێنەری یەکێتی لە ئەنقەرە بە دەسەڵاتدارانی تورکیای راگەیاندووە. جەمال عەبدوڵڵا بە (باسنیوز)ی گوت: "تورکیا ئەوە خۆی هەڵسەنگاندن دەکات کە دەوڵەتی کوردستان دەبێتە مەترسی یان نا، بەبۆچوونی من ئەوەی بارزانی و پارتی لەگەڵ تورکیا دەیکات، کوردستانیش ببێتە دەوڵەت، هەر ئەوە دەکات، چونکە ئێستا لەگەڵ تورکیا پەیوەندیی دۆستانە و ڕێزگرتنمان لەیەکتری هەیە، کەس مەترسی لەسەر ئەوی دیکە دروست نەکردووە". ئەوەشی ڕوون کردەوە: “ئەگەر مەبەستی لە شتی شاراوەیە، ئەوە ئەو نەوتەی لە شیواشۆکەوە دەچێتە دەرەوە، بە هەولێرەوە دەڕوات و دەچێتە تورکیا ئیتر بەهرۆز گەڵاڵی چی بە تورکیا دەڵێت؟”.
ئەو رۆژنامەنووسە پێی وایە، یەکێتی بە هەڵسەنگاندنی خۆی دەیەوێت لە ڕێگای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە، جۆرێک لە فشار یان سەرئێشە بۆ تورکیا دروست بکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ تورکیا پەیوەندی ئاسایی بکاتەوە، ئەگەرنا لە ناوخۆی خۆیدا یەکێتی پەکەکەی ناوێت، تەنانەت وەک تاکتیک بەکاری دەهێنێت.




باسنیوز
Top