نازم هەرکی: چۆن دڵتان دێت پرۆژەی سەربەخۆیی بە مالیکی و عەبادی بگۆڕنەوە؟
نازم هەرکی، پەرلەمانتاری پارتی راگەیاند "پەیامەكەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆکردنەوەی حزبە سیاسییەکان و بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کوردستان پەیامێکی نەتەوەییە، نەگەڕانەوەیە بۆ ئەو عێراقەی كە داعش و بڕینی بودجەی کوردستان و دژایەتی پێشمەرگەی کردە دیاری بۆمان".
هەروەها گوتی "بەداخەوە دەبینین کە گوایە هەندێک هێزی سیاسی داوای یەکپارچەیی عێراق و گەرانەوە بۆ بەغدا و پرۆژەی نوێیان بۆ پەیوەندی هەولێر و بەغدا دەربڕیوە کە ئەمە تەواو پێچەوانەی ئەو یەکڕیزییەیە کە گەلی کوردستان داوای دەکەن، لە کاتێکدا ئێمە خەبات و قوربانیدانمان لەپێناوی ئەوە بووە کە گەلی کوردستان سەربەخۆ بێت، ئێستەش هەزاران شەهیدمان لەپێناو سەربەخۆیی کوردستان داوە، بەگژ گەورەترین ئەگەری ترسناكدا شەڕی مان و نەمان دەکەین، تازە بەتازە پێشنیاری گەرانەوەمان بۆ بەغدا دەکەن؟".
ئەو پەرلەمانتارە پرسیار ئاراستەی سەرجەم لایەنەکانی کوردستان دەکات و پێیان دەڵێ "تا کەی چاوەڕوانی ئەوانە بین کە قوتی خەڵکی کوردستانیان بڕی، تاکەی لەگەڵ ئەوانە بمێنینەوە کە بە هاووڵاتی پلە دووش هەژمارمان ناکەن؟ بۆ نەگەرێینەوە بۆ پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستان کە لە ئیرادە و ویستی تاکی خەڵکی کوردستان سەرچاوەی گرتووە".
ئاماژە بەوەش دەکات کە ئێمە چی وەڵامی ئەو خانەوادە شەهیدانە بدەینەوە کە لەپێناوی سەربەخۆیی کوردستان قوبانیان داوە؟
