پەرلەمانتارێكی پارتی بۆ یەكێتی و گۆڕان: چاوەڕێی سوپرایز بن
دوای واژۆكردنی رێككەوتنی سیاسیی نێوانیان لە 17/5/2016، شاندی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان رۆژی 25/6/2016 لە بەغدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و شاندێكی حیزبی دەعوەی عێراق كۆبوونەوە.
عەلی عەلاق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی دەعوە بەشێكی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بۆ (رووداو) ئاشكراكرد و رایگەیاند، شاندی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان لەبارەی گشتپرسییەوە رای خۆیان بەوان گوتووە و دڵنیایان كردوونەتەوە كە ئەوان لەگەڵ جیابوونەوە لە عێراق نین.
هاوكات شوان داودی، ئەندامی شاندی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان بۆ بەغدا گوتی "كوتلەی ئێمە (یەكێتی و گۆڕان) دەبێتە گەورەترین كوتلەی كوردستانی لە بەغدا و 30 كورسیمان دەبێ و كاریگەری خۆی دەبێ، سەردەمی پارتی وەكو هێزی یەكەم لە بەغدا گوزەشت، ئیدی یەكێتی و گۆڕان ژمارە یەكن".
ئەم هەڵوێستەی یەكێتی و گۆڕان نیگەرانیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەدوای خۆیدا هێناوە و هۆشداریی تووند دەداتە شاندەكەی یەكێتی و گۆڕان.
رێناس جانۆ، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق باسی هەڵوێستی فراكسیۆنەكەیان دەكات لە پەرلەمانی عێراق كە خاوەنی 28 كورسین و دەڵێت "هەر كاتێ گۆڕان و یەكێتی بیانەوێ بەزیادبوونی ژمارەی كورسییان لە پەرلەمانی عێراق یاری لەگەڵ پارتی بكەن، دەبێ چاوەڕێی سوپرایز بكەن لە پارتی".
یەكێتی و گۆڕان هۆكاری چارەسەرنەكردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا بۆ پارتی دەگەڕێننەوە، بەڵام رێناس جانۆ دەڵێت "ئەگەر كێشەی هەولێر و بەغدا بە گۆڕان و یەكێتی چارەسەر دەكرێ، ئەی بۆ تاوەكو ئێستا چارەسەریان نەكرد".
هەروەها دەپرسێ "بۆچی عەبادی بە 30 كورسی دەیەوێ كێشەكان چارەسەر بكات، بۆچی بە 65 كورسی چارەسەری نەدەكرد؟".
جانۆ پێیوایە هەوڵەكانی یەكێتی و گۆڕان لە بەغدا ئەنجامیان نابێت "فراكسیۆنی یەكێتی و گۆڕان ناوەندی بڕیاری كوردستان نین، تاوەكو لە بەغدا بەناوی كوردەوە قسە بكەن". بەڵام شوان داودی دەڵێت "پارتی كێشەی خۆیەتی و بۆی نییە بە ناوی كوردەوە قسە بكات، ئێمە بەشێكین لە دەوڵەتی عێراق و نابێ لە بەغدا دووربكەوینەوە".
رووداو
