كۆمیتەیەكی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەكێتی پێكهێنرا
عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بەڕێوەبەری گشتيی پەیوەندییەكانی ئێران - عێراق لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەپێناو گەڕانەوەی ئارامی بۆ سنوورەكانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری كوردستان، یەكێتی و پارتی كۆمیتەیەكی هاوبەشیان لەسەر ئاستێكی باڵا پێكهێناوە.
ئاكرەیی هەروەها گوتی "رۆژی پێنجشەممە 23-6-2016، ئەو كۆمیتە هاوبەشە پێكهێندراوە، ئەمەش لەپێناو ئارامبوونەوەی ئەو ئاڵۆزیانەی لە سنووری نێوان باشوور رۆژهەڵاتی كوردستان دروستبووە".
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی ئێران - عێراق لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوی هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، ئێران ئاگاداری دروستبوونی ئەو كۆمیتە هاوبەشەیە، بۆیە گوتی "نەدەبوو دەڤەری سیدەكان و شارەدێی حاجی ئۆمەران بۆردوومان بكرێت و دەبوو چاوەڕێی ئەنجامی كۆمیتە هاوبەشەكە بن، چونكە كۆمیتەكە كاری خۆی هەر دەكات و هیوادارین كارەكانی بگاتە ئەنجامێكی باش".
ئاكرەیی روونیشكردەوە، لە پارتی دیموكراتی كوردستان كەریم شنگالی و لە یەكێتی نیشتمانیی كوردستانیش سەعدی ئەحمەد پیرە سەرۆكایەتی كۆمیتە هاوبەشەكە دەكەن.
كاژێر 09:00-ی رۆژی یەكشەممە 26-6-2016، تۆپخانەكانی ئێران، بە بیانووی هەبوونی بنكە و بارەگای پێشمەرگەكانی حدكا و حدك، دەستیان بە تۆپبارانكردنی دەڤەری سیدەكان و شارەدێی حاجی ئۆمەران كرد لە باشووری كوردستان، بەو هۆیەشەوە پێنج كەس برینداربوون، نزیكەی ساڵێكیشە جموجۆڵ لەو سنوورە دروستبووە و ناوەناوە پێكدادانی تێدا روودەدات، هەروەها پەكەكەش زۆربەی ناوچە سنوورییەكانی كۆنترۆڵكردووە.
