بە چاودێری و ئامادەبوونی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پڕۆژەی بەنداوی دێگەڵە كرایەوە
بە چاودێری و ئامادەبوونی بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەنداوی دێگەڵە كرایەوە، لە رێوڕەسمی كردنەوەی بەنداوەكە كە بەڕێزان ئەندامانی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری و ڤێتێرنەریی پەرلەمانی كوردستان و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێرو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو بەڕێوەبەری ناحیەی دێگەڵەو بەرپرسانی ئیداری و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت جەماوەرێكی زۆری دەڤەرەكە ئامادەی بوون، عەبدولستار مەجید لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاو دەستگاكانی راگەیاندن دووپاتی كردەوە كە وێڕای ئەو قەیرانە ئابووری و داراییە و نەبوونی بودجەی پێویست و شەڕی داسەپاوی داعش و ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام وەزارەت بەپێی تواناو بەرنامەی خۆی لە هەوڵی بەجێگەیاندنی پڕۆژەكاندایە، ئاماژەی بەوەش كرد كە بەنداوی دێگەڵە یەكێكە لەو 24 بەنداوەی كە هەندێكیان لە قۆناخی تەوابووندان و هەندێكیشیان دیزاینیان بۆ كراوە، بەڵام لەبەر نەبوونی بودجە تەواونەكراون، جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەم بەنداوە سوودێكی زۆری بۆ هاووڵاتیانی ناوچەكە بە تایبەتیش جووتیاران هەیە بۆ بەراوكردنی زەوییەكانیان، هەروەها بۆ گەشەكردنی بواری گەشتیاری و ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان، دەستخۆشيشی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەنداوەكان كرد كە راستەوخۆ سەرپەرشتی پڕۆژەكەی كردووە تا گەیشتۆتە قۆناخی كۆتایی، هاوكات سوپاسی كۆمپانیای جێبەجێكارو بەڵێندەری كرد كە توانیویانە بە پێی دیزاین و نەخشەی بەنداوەكە ئەم پڕۆژەیە ئەنجام بدەن، ئاماژەشی بە مەترسیی هەوڵەكانی هەندێ لە وڵاتانی دەوروبەر كرد كە بەنداوو پڕۆژەی ئاودێری لەسەر ئەو رووبارانە دروست دەكەن كە دەڕژێنە كوردستانەوە یاخود رێڕەویان دەگۆڕن كە زیانێكی زۆر بە خەڵك و جووتیارانی ئەو دەڤەرانە دەگەیەنێت، دواتر پارێزگاری هەولێر لە وتەیەكی كورتدا دەستخۆشی لە وەزارەت كرد بۆ ئەم پڕۆژە گرنگەو جەختی كردەوە كە دروستكردنی بەنداو كاریگەریی ئەرێنی دەبێت بۆ سەر ژیان و گوزەران و رەوشی كشتوكاڵی كوردستان و هیوای خواست كە ئەو قەیرانە داراییە كۆتایی بێت تاكو پڕۆژەی زیاتر ئەنجام بدرێت، هاوكات عەباس غەزالی ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری و ڤێتێرنەریی پەرلەمانی كوردستان لە وتەیەكدا دەستخۆشی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كردو دووپاتی كردەوە كە ئەوان وەك لیژنەی پەرلەمان هەمیشە هاوكارو هەماهەنگیكاری وەزراەت بوونە بۆ خزمەتكردنی كەرتی كشتوكاڵ. شایانی باسە بەنداوی دێگەڵە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداوو كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاو ئەنجامدراوە، كۆمپانیای (ئەوین+پلان) لە ماوەی 2010 تاكو 2014 جێبەجێی كردووە، پتر لە 6 ملیارو 85 ملیۆن دیناری تێچووەو بە 1168 رۆژ تەواوبووە، بەرزیی بەنداوەكە 35 مەترەو درێژییەكەی 150 مەترو پانییەكەی لە سەرەوە 8 مەترە و پانییەكەشی لەژێرەوە 140 مەترە، ئەو بەنداوە توانای كۆكردنەوەی یەك ملیۆن و 600 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە، لە ئەنجامی دروستكردنی بەنداوەكە جووتیارانی زەرەمەند لە زەوییەكانیان گشتیان قەرەبووكراونەتەوە، مەبەستی سەرەكی لە دروستكردنی بریتییە لە گلدانەوەو كۆكردنەوەی ئاو لە وەرزی باران باریندا، هاوكات بووژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی، هەروەها بەراوكردنی 500 دۆنم لە زەوی وزارو باخ كە كەوتوونەتە خوارەوەی بەنداوەكە، وێڕای سوود وەرگرتن بۆ بەخێوكردنی ماسی و مەڕوماڵات، سەبارەت گەشتوگوزاریش بەنداوی دێگەڵە دەبێتە رووبەرێكی فراوانی گەشتوگوزار بۆ دانیشتوانی ناوچەكە.
