پیلانێکی دیکەی بەغدا بۆ زیادکردنی ڕێژەی عەرەب لە کەرکووک ئاشکرا دەبێت

پیلانێکی دیکەی بەغدا بۆ زیادکردنی ڕێژەی عەرەب لە کەرکووک ئاشکرا دەبێت
کادیرێکی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک، مەترسی هەوڵەکانی بەغدا لەسەر کەرکووک ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "بەغدا دەیەوێت فیڵێکی دیکە لەو شارە بکات".

کاوێز مەلا پەروێز، بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی لە کەرکووک، ڕايگەیاند: “دەستێوەردانی بەغدا لە کەرکووک زۆر لە جاران زیاتر و زۆرترە، تازەترین پیلانیان ئەوەیە کە هەر ئاوارەیەکی عەرەب لە شارەکە هاوسەرگیری بکات، ناسنامەی کەرکووکیان پێ دەدەن، ئەوەش بۆ زیادکردنی ژمارەی عەرەبە لە شارەکە”.

کاوێز مەلا پەروێز ئەوەی ڕوون کردەوە، بەغدا بەهیچ جۆرێک کەرکووکی فەرامۆش نەکردووە، بەڵکو سیاسەتی بەغدا هەمان ئەو سیاسەتەیە کە ساڵانی ڕابردوو بەرامبەر بە کەرکووک و کوردستانیبوونی کەرکووک پەیڕەوی کردووە. گوتیشی: “بەغدا خەڵکی ئەمینی بۆ بەڕێوەبردنی کەرکووک داناوە، تاوەکوو سەر ئێشەیان بۆ دروست نەکات، بەتایبەتی پارێزگاری کەرکووک یەکێکە لەوانەیە”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە پێش داگیرکردنی ناوچەکانی عێراق لە لایەن داعشەوە، کەرکووک بە زۆر لە ڕووی ئیدارییەوە بە بەغداوە بەستراوەتەوە، هەرچەندە هۆکارە جوگرافییەکان بۆ جیاکردنەوەی کەرکووک لە بەغدا ڕوون و ئاشکرا بوون.

زیادکردنی ڕێژەی عەرەب بەرانبەر بە هەردوو پێکهاتەی کورد و تورکمان، یەکێکە لە دیارترین ئەو ڕێگایانەیە کە لە کاتی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە تاوەکوو ئێستا، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بۆ تەعریبکردنی کوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکووک، ئەنجامی دەدەن.











باسنیوز
Top