"ئیتالیا پشتی هەرێم بەر نادات"

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی سیناتی ئیتالیا كرد؛ پیێر فێرناندۆ كازینی سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجومونی پیرانی ئیتالیا، گەورەی ئەو شاندەیە وا سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە؛ کازینی جەختی کردەوە پشتی هەرێم بەر نادەن.


لە سەرەتای دیدارەکەدا، كە ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنە جیاجیاكان ئامادەی بوون، جێگری سەرۆكی پەرلەمان بە ناوی هەموو ئەندامانی پەرلەمانەوە سوپاسی گەل و حكوومەتی وڵاتی ئیتالیای كرد و ڕۆڵ و هەڵوێستەكانی "پیێر كازینی"ـی وەكو دۆستێكی نزیكی گەلی كوردستان پەسن دایەوە؛ هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی وڵاتی ئیتالیا كرد لە پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان و یارمەتیدانی لە شەڕی دژی تیرۆردا و هاوكاریكردنی ئاوارەكان و هەڵوێستە ئەرێنییە سیاسییەكانی بەرانبەر بە داوا و كێشەكانی گەلی كوردستان.
"پیێر كازینی"ـیش مەبەستی سەردانەكەیانی خستە ڕوو و گوتی: "ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ڕێز و سوپاسی خۆمان ئاراستەتان بكەین بەرانبەر هەڵوێست و ئازایەتی ئێوە لە شەڕی دژی داعشدا كە بەرگری لە هەموو جیهانی ئازاد دەكەن." ئینجا جەختیشی لەسەر هەڵوێستی وڵاتەكەی كردەوە بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیكردنی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە و، پتەوكردنی ئاستی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوو لا و، لەم بارەیەوە ئاماژەی بە پێگەی گرنگ و تایبەتمەندی هەرێمی كوردستان كرد."

هەر لە دیدارەكەدا چەند بابەتێكی پەیوەست بە ڕەوشی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا خرانە ڕوو؛ ئینجا دەربارەی ئەو بابەتانە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەڵامی چەند پرسیارێكی ئەندامانی شاندەكەی دایەوە و گوتی: "هەموو هەوڵێكمان داوە عیراقێكی دیموكراتیک بنیاد بنێین و بەشێك بووینە لە چارەسەر بەڵام ناكرێت تا هەتایشە هەر چاوەڕوان بین."

هەروەها ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانیش تێبینی و ڕاو و بۆچوونی خۆیانیان خستە ڕوو سەبارەت بە مافەكانی گەلی كوردستان و قۆناغ و پێگەی ئێستای هەرێمی كوردستان و زیاتر پشتیوانیكردنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و مافی پێكهاتەكان و كێشەی ئاوارەكان.
لە كۆتایی دیدارەكەشدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان چەند دیارییەكی پێشكەش بە سەرۆك و ئەندامانی شاندەكە كرد كە بریتی بوون لە لۆگۆی پەرلەمانی كوردستان و چەند كارێكی دەستیی كوردی.











KDP
Top