ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا: پێشمه‌رگه‌ جێگەی شانازیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییه‌

ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا: پێشمه‌رگه‌ جێگەی شانازیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییه‌
سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا، سەركەوتنە بەردەوامەكانی پێشمەرگەی بەرانبەر تیرۆر بەرز نرخاند و، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند، پێشمه‌رگه‌ جێگەی شانازیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییه‌.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 26-6-2016 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە پیێر فردیناندۆ كاسینی، سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری كرد.


لە دیدارێكدا، كاسینی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و باسی لە سەردانەكەی بۆ بنكەی مەشق و ڕاهێنانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كرد كە لەلایەن پسپۆڕانی سەربازیی ئیتاڵیاوە مەشق و ڕاهێنانیان پێدەكرێت. سەركەوتنە بەردەوامەكانی پێشمەرگەیشی بەرامبەر تیرۆر بەرز نرخاند كە توانیویانە بەو قارەمانێتیە پێگەیەكی گرنگ بۆ هەرێمی كوردستان لە هەموو جیهان دروست بكەن و ببنە جێگەی شانازیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە پەیوەندییە تۆكمەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیای كرد و هیوای خواست لە هەموو بوارەكاندا پەرە بەو پەیوەندییانە بدرێت و لەمبارەیەشەوە هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئیتاڵیای دەربڕی، هەروەها داوای لە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد سەردانی ئیتاڵیا بكات و ڕاستەوخۆ بارودۆخ و خواستەكانی خەڵكی كوردستان بە ڕای گشتیی ئیتاڵیا بگەیەنن و هاوكاریی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەن.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و تێبینییەكانی شاندی میوانى كرد، هەروه‌ها سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بەرامبەر هاوكارییە بەردەوامەكانی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و دەشتخۆشی لە پسپۆڕانی سەربازیی ئیتاڵیا كرد كە لە هەرێمی كوردستان مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە دەكەن.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و ڕۆما، نێچیرڤان بارزانی جیا لە بەرزنرخاندنی پەیوەندییەكان، ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەكان دەربڕی و سوپاسی بەڕێزیشیانی كرد كە لە ڕابردوو و ئێستادا بە باشترین شێوە پاڵپشتی لە هەرێمی كوردستان كردووە.

تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێگیریی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ و پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ و ناوچەكانی دیكە لە دەست تیرۆرستانی داعش بە هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا و وڵاتانی هاوپەیمان و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوون.
Top