کورد و سوننەکان لە ترسی شیعەکان خورماتوو چۆڵ دەکەن

کورد و سوننەکان لە ترسی شیعەکان خورماتوو چۆڵ دەکەن
هاووڵاتییانی کورد و تورکممان و عەرەبی سوننەمەزهەب لە ترسی چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شاری خورماتوو بەجێ دەهێڵن.

رۆژی یەکشەممە 26ـی حوزەیرانی 2016، محەمەد فایەق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو چەند وێنەیەکی کۆچی کورد، تورکمان و عەرەبە سوننەکانی لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو کردووەتەوە.

محەمەد فایەق هەروەها رایگەیاندووە، کە دەزگا ئەمنییەکانی شارەکە سێ کەسیان بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە هاووڵاتییانی کورد، عەرەب و تورکمانی سوننەمەزهەب بۆ بەجێ هێشتنی شارەکە، دەستگیر کردووە.

خورماتوو شارۆچکەیەکی کوردستانییە و دەکەوێتە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین، تێیدا وێڕای کورد، تورکمان و عەرەبی شیعە و سوننەی تێدا نیشتەجێن، بەڵام بەهۆی رێککەوتنی سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بەرپرسانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، هێزی پێشمەرگە لە شارەکە کشاوەتە دەرەوە و میلیشیاکانیش ستەم لە نەتەوە و مەزهەبەکانی دیکە دەکەن و خانووەکانیان دەڕووخێنن.










باسنيوز
Top