بازیانی: دەرفەتی باش هاتووەتە پێشەوە.. پێشوازی لە پەیامەكەی بارزانی دەكەین
(محەممەد بازیانی) سەرۆكی حزبی بزاڤی چاكسازی و گەشە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە وەك بزاڤی چاكسازی و گەشە، وەك حزبێكی كوردستانی پێشوازیمان لەو پەیامەی (سەرۆك بارزانی) كردووە، بەڵام بە دید و بۆچوونی ئێمە پێویستە هێشتا دەستپێشخەری دیكە رابگەیێنێت، بە حوكمی ئەوەی كە (سەرۆك بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستانە".
(بازیانی) گوتیشی: "ئەگەر (سەرۆك بارزانی) پەیوەندی بە لایەنەكانەوە بكات، شتێكی باشە و ئەوە گەورەییە بۆ بەڕێزیان، لەبەر ئەوەی دەبێت بەو رەمەزانە لێبووردەیی ئەو گەورەتر بێت بە حوكمی ئەوەیی سەرۆكی هەرێمە، هەروەها دەبێت لایەنەكانی دیكەیش بە دڵفراوانی ئەو پەیامەی (بارزانی) وەربگرن، چونكە ئەو گرفتانەی هەن نەگەیشتوونەتە ئەوەی كە چارە نەكرێن، هەر دەشبێت كێشەكانیش چارەسهر بكرێن، چونكە هیچ كێشەیەك نییە چارە نەبێت، بە تایبەتی ئێمە لە هەرێمی كوردستان دەژین كە دەرفەتی زۆر باش بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە، دەتوانین بە هەموومان هەنگاوی باشی بۆ بنێین و بە دەوڵەتی كوردی شاد ببین".
KDP
