نەسرەدین سەعید: بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ بە هەرێمكردنی كەركووك نین
دووای ئەوەی 22ـی ئەم مانگە د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پرۆژەمان بۆ بەهەرێمكردنی كەركوك ئامادەیە و بۆ بەهەرێمكردنی كەركووك بەردەوام دەبین، چونكە كەركووك پێویستی بە دەسەڵاتێكی لامەركەزی هەیە، لەم بارەیەوە (نەسرەدین سەعید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند": كەركووك شارێكی كوردستانییە و لەبەر بە كوردستانی بوونی ئەم شارەش ئێمەی كورد شۆڕشێكی زۆرمان كردووە و قوربانیێكی زۆرمان داوە و هەرگیز رێگەمان نەداوە ئەم شارەیە بە شارێكی جیاكراوەی هەرێمی كوردستان هەژمار بكرێت.
گەلی كورد ئاوارەیی و شەهیدبوون و ئەنفالی بینیوە هەر لەسەر كوردبوونی كەركووك بووە، چونكە یەكێك لە خاڵە سەرەكییە ناكۆكەكانی كورد و رژێمی ئەوسای عێراق كوردستانی بوونی كەركووك بووە، بەتایبەت لە رێكەوتننامەی 11ـی ئازاری ساڵی 1970."
سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گوتیشی: "ئێمە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ بەهەرێمكردنی كەركووك نین، چونكە ئەمە دەكاتە جیاكردنەوەی كەركووك لە هەرێمی كوردستان و نەگەڕانەوەی. ئێمە دەبێ هەموو هەوڵێكمان بخەینە گەڕ بۆئەوەی كەركووك بگەڕێنینەوە بۆ هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی یاسایی و لەرێگای ریفراندۆمەوە. بۆیە نابێ هیچ لایەنێك و سەركردەیەك پڕۆژەی لەم شێوەیە ئامادە بكات یاخود سەرپەرشتی بكات، ئاخر ئەگەر كەركووك بكرێتە هەرێمیكی نوێ، ئیتر نابێ بیر لە كوردستانی بوون و گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان بكەینەوە."
رونیشی كردەوە: "پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد بیر لەوە بكاتەوە كە سەرجەم پێكهاتەكانی كەركووك رازی بكەن تا کار بۆ گەڕانەوەی کەرکووک بۆسەر هەرێم بکرێ، ئەمەش بەوە دەكرێ كە پشكداری راستەقینەی كەركووكییەكان بكەین لە ئیدارەی كەركووك و متمانەیەكی تەواویان بۆ دروستبكەین، چونكە پێكهاتەكان پێشوتر گلەیی ئەوەیان هەبوو كە ئەوان پشكداری راستەقینەی ئیدارەی شارەكە نەبوونە."
