یەکێتی و گۆڕان ڕاگەیاندنەکانی خۆیان لە بەرامبەر میدیاکانی هەولێر یەک دەخەن
ئەمڕۆ شەممە 25\6\2016، میدیاکانی گۆڕان و یەکێتی چەند هەواڵێکیان لە بارەی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و چالاکییەکانی ئەو حزبە بڵاو کردووەتەوە کە هەمان هەواڵن، ئەمەش دەری دەخات کە هەردوو میدیا لە یەک سەرچاوەوە زانیارییان ئاراستە دەکرێت. لەمبارەیەوە فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی،ڕايگەیاند: “لە یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان، باس لە کاری هاوبەشی ڕاگەیاندنی هەردوولا کراوە و دەبێ ئەو هەنگاوە بەخێرایی کاری بۆ بکرێت، چونکە لەماوەی ڕابردوودا ڕاگەیاندن یەکێک بووە لەهۆکاری تێکهەڵچوونی هەردوولا”. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان دەیانەوێت لە ڕووی کردارەکییەوە ئەو خاڵەی ڕێککەوتنەکەیان جێبەجێ بکەن.
بەپێی ئەو زانیارییانە، یەکێتی و گۆڕان لە ماوەی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەکیان کردووە و باسیان لەوە کردووە کە لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردوو، دەستپێشخەریی میدیایی لە هەولێرەوە بووە و میدیاکانی هەولێر کاریگەرییەکی زیاتریان بەسەر میدیاکانی یەکێتی و گۆڕان هەبووە. سەرچاوەکە گوتیشی: “یەکێتی و گۆڕان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە لەمەودوا میدیاکانیان بە جۆرێک ئاراستە بکەن، ئاستەنگی زیاتر بۆ میدیاکانی هەولێر دروست بکەن، تاوەکوو بتوانن دەستپێشخەریی میدیایی و هەژموونی میدیایی سلێمانی بەسەر هەموو هەرێمی کوردستاندا زاڵ بێت”.
باسنیوز
