لە کۆبوونەوەکەی نێوان بارزانی و ماکگۆرک و فەیاز چی گوتراوە؟
یەکشەممەی ڕابردوو 19\6\2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە برێت ماکگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و فالح فەیاز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و شاندی یاوەریان کرد.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانە، لە کۆبوونەوەکەدا، ماکگۆرک بە ڕاشکاوانە لە بەردەم بارزانی و شاندە عێراقییەکەدا گوتوویەتی: ”دەبێت هەموو لایەنەکان ئەو ڕاستییە بزانن کە بارزانی یەکێکە لە گەورەترین فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆنی شەڕی داعش کە سەبارەت بە ئێمەوە، بابەتێکی هەستیار و چارەنووسسازە“. جەختیشی لەوە کردووەتەوە: ”ئارامیی بارزانی و بۆچوونەکەی بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە بەشێکی گرنگە لە ئۆپەراسیۆنەکان“.
پێشتر لە ڕاگەیاندراوێکدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردبوو کە لەو کۆبوونەوەیەدا، بارزانی ڕای گەیاندووە: ”ئەولەویەتی سەرەكیی هەرێمی كوردستان شەڕی داعشە“. هەورەها هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و ئەمەریكای بە پێویست زانی بۆ یەكلاییكردنەوەی گرفتەكان و تێكشكاندنی تیرۆریستان و ئەوەیشی خستەڕوو كە لە كاری هاوبەشدا پێویستە لە نیگەرانییەكانی یەكتر بگەین و گرتنەبەری نەهجی هەڵەش بۆ مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكان دەبێتە هۆی قووڵتربوونی گرفتەكان.
باسنیوز
