دڵشاد شەهاب: پارتی باشترین هەلی لەدەستچوو لەبەر بەشداری گۆڕان حکومەتی زۆرینەی پێکنەهێنا
23 ی حوزەیرانی 2015 بە رۆژی تەقینەوەی دۆخی سیاسی لە باشووری کوردستان ناودەبرێت، لەو رۆژەوە تاوەكو ئێستا لایەنەکان بەگشتیی و پارتی و گۆڕان بەتایبەتی دەرگای گفتۆگۆیان بەڕووی یەکدیدا داخستووە.
دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، قسەیەکی رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە كوردستان، حیزبەکەی ئەوەندەی دیکە بەرامبەریان خستە گومانەوە و لەبەر خاتری گۆڕان وەک خۆی دەڵێت پارتی شانسێکی گەورەی لەدەستدا.
دڵشاد شەهاب گوتیشی "پارتی بیرکردنەوەی دروستکردنی حکومەت بە کەمینە و زۆرینە لای دروست نەبوو، بۆیە حکومەتی بنكەفراوانی پێکهێنا. ئێستا بەجیاوازی چەند دەنگێکی کەم لە ئەنجامی رێککەوتنی نێوان دوو لایەندا (یەكێتی و گۆڕان) لەبەردەم خەڵکی کوردستان رادەگەیێندرێت، کە پارسەنگی هێز گۆڕاوە و دەگۆڕدرێ، ئەو جۆرە بیرکردنەوە دەبێتە رێگر لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەکان و تاوەکو ئەم جۆرە بیرکردنەوانە هەبێت، کێشەکان چارەسەر نابن".
لەسەر کەمینە و زۆرینە بزووتنەوەی گۆڕان بە پارتی دەڵێت، ئەوە یارییەکە و نابێ کەس لێی دڵگران بێت. "گۆڕان شکۆی خۆی ناکاتە قوربانی پارتی".
کاردۆ محەممەد، هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان بە رووداوی گوت "گۆڕان وەکو هێزێکی سیاسی کوردستان هەمیشە داکۆكیکاری پاراستنی شکۆی خۆی بووە لە بەرنامە و بڕیارەکانی. لەبەر ئەوە ئامادەنییە، بچێتە ژێر باری هیچ مەرجێک کاریگەری لەسەر بڕیار و بەرنامەکانی هەبێت".
رووداو
