گۆڕانكاری لە پۆستە ئیدارییەكانی هەولێر دەکرێت
كەنعان خەیلانی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێررایگەیاند، حیزبەكەی چەند بەرپرسێکی ئیداری لە سنووری پارێزگای هەولێر لە كارەكانیان دووردەخاتەوە و، چەند كەسێکی نوێ لە شوێنیان دادەنێ.
خەیلانی گوتیشی "دەمێك بوو بەرنامە هەبوو بەشێك لە بەرپرسە ئیدارییەكانی هەولێر لە بەڕێوەبەری گشتی و قائیمقام و بەڕێوەبەری شارەدێكان گۆڕانكارییان تێدا بكرێت و كەسانی نوێ لە شوێنیان دابنرێن، بەڵام بەهۆی شەڕی داعشەوە ئەو گۆڕانكارییانە دواكەوتن".
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر باسی لەوەش كرد، بڕیاری گۆڕانكارییەكان بۆ بەشێك لەو پۆستانە دراوە و گوتیشی: "بڕیارە دوای جەژنی رەمەزان ئەو گۆڕانكارییانە بكرێن".
لە سنووری پارێزگای هەولێری پایتەختی باشووری كوردستان، 14 بەڕێوەبەری گشتیی، 9 قائیمقام و 30 بەڕێوەبەری شارەدێ هەن، بەپێی زانیارییەكانیش 25 لەو بەرپرسانە دەگۆڕدرێن.
رووداو
