شهڕهكهی شنۆ دهستپێكردنهوهی خهباتی چهكدارییه؟
ئەم ڕووداوە لە ئاستی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور و لەلای چاودێرانی سیاسییهوه، خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێت.
حسام دەستپیش، پسپۆڕی سیاسەتی نێودەوڵەتی و مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین، لەبارەی ڕەهەندە جیاجیاکانی پەیامی ڕاسانەوە و جوولانەوەی نوێی کوردستانی رۆژهەڵات ڕايگەیاند: "بۆ ئەم پرسە دەتوانین دوو هۆکار لەبەرچاو بگرین، یەکەم ئێمە کوردی ڕۆژهەلات لەڕووی ناسنامەوە لەتەک بەشەکانی دیکەی کوردستان، خاوەنی جۆرێک لە تێکەڵاویی مێژوویی و بەستراوەیی کۆمەڵایهتی و فەرهەنگیمان هەیە، ئەو پرسانەی ئێستا لە سێ بەشەکەی دیکەی کوردستان هاتوونەتە ئاراوە، کارێکی وای کردووە کە کاریگەری لەسەر ئەو بەستێنە کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەی رۆژهەڵاتیش دابنێ. هەرچەند ئێستا ئێمە لەوێ نوینەرێکمان نییە و نایبینین لایەنێک نوێنەرایەتیی ئەو بزاڤە لە ناوخۆ بکات".
لە درێژەدا گوتیشی: "جەوهەری داخوازییەکە ئەوەیە کە ئەویش بێتە ناو ئەم فهزا نوێیەوە و بوونی خۆی ببینێتەوە، هەتا وەکوو پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات بتوانێ مانیفێستێکی دیار و ڕوونی سیاسیی لە داهاتوودا هەبێت. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فەزایەی کە لە ناوخۆ هەیە، ڕەهەندی دووەمی ئەوەیە لە ئاستی دەرەوەی کوردستانیش دەبینین کە پارتە سیاسیییەکان بەگشتی بۆ ماوەیەکی زۆر دەستیان لە خەباتی چەکداری هەڵگرتبوو، بەڵام ئەم ماوە زۆرە دەبێ لێی ورد بێتەوە کە چۆنە کاریگەریی لەسەیان داناوە، یەکەم ئەوەی کە گۆڕانێکی بنەڕەتیی نەوەیی خەریکە لەناو ئەم پارتانە ڕوو دەدات، ئەم نەوە نوێیە لە سروشتی خۆیدا داوای جۆرێک لە حەرەکەت و جۆرێک لە نوێبوونەوە و ڕاسانی نوێ و خۆدەرخستن دەکات. دوای ئەمەش ئەبێ سەرەنجام ئەم حزبە سیاسییانە لە قۆناغێکی مێژووییدا بڕیار بدەن کە یان وەکوو پارتێکی سیاسیی ئەکتیڤ لە پانتایی سیاسەتدا دەمێننەوە، یان دەیانەوێ له پەراوێزدا بمێننەوە، سێیەم ڕەهەندیشی ئەوەیە، هەندێ جار کات گونجاوە بۆ ئەوەی جووڵە و بزاوتت هەبێ و هەندێ جارێش کات و شوێن گونجاو نین بۆ حەرەکەت، بۆیە لەم سێ بوارەوە من هەست دەکەم حزبی دیموکرات دەرکی خوێندنەوەیەکی لەسەر ئەوە کردووە کە چۆن ئێمە بتوانین جۆرێک لە هەستانەوە ببینین".
حسام دەستپیش ڕاشی گەیاند: "ئەوەی کە لەم ڕۆژانەدا لە شنۆ ڕووی دا، ئەڵقەیەکی بچووکە لە ستراتیژییە قووڵەی کە حزبی دیموکرات بیری لێ دەکاتەوە، بەڵام کەوتە ناو واقیع، یان ڕووداوێکەوە کە ڕووی دا. دەنا هەر لە رۆژی یەکەمەوە دیموکرات بۆ ئەوە نەڕۆیشتووە کە لە ڕژیمی ئێران بدات، لە بنەڕەتدا من لەو باوەڕەدا نیم کە ئەم ستراتیژییە بونیادەکانی لەسەر ئەوە دانرابێ کە شەڕی چەکداری بکات و پێی وابێت کۆڵەکەیەکی سەرەکییە".
لە چوارچێوەی ناوەرۆک و ئامانجەکانی پشت پەیامی نەورۆزیی مستەفا هیجری سکرتێری حدکا کە باسی گرێدانەوەی خەباتی شاخ و شار دەکات، حسام دەستپیش ئاوا شرۆڤەی کرد: "مەسەلەی گرێدانەوەی خەباتی شار و شاخ، مانای شاخەکە دیارە، دووەم ڕەهەندی ئەم پرسە مەسەلەی شارە کە تۆ چۆن بتوانی فۆرمێکی سیاسی لە حزبێکی ئاوانگاردەوە بکەیتە بزووتنەوەیەکی سیاسیی شاری، کە ئەم بزووتنەوەیە بتوانێ بڕوات و بگات بە هەموو توێژەکانی خەڵک و شەپۆلێک ساز بکات کە لە ئەنجامدا دوو ئاراستەی شاخ و شار ببن بە تەواوکەری یەک. لە کۆمەڵگای ئێمەدا یەکێک لاقی لە مێژوودایە و یەکێک لاقی لە شاردایە و لە ئاکامدا دەبێ بتوانن بەستێنێک بڕەخسێنن کە ئێمە بتوانین بزووتنەوەیهکی کوردیمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەبێ کە بە پاشەکەشەی حزبەکان پاشەکشە نەکا".
ئەو مامۆستایەی زانکۆی سەلاحەدین لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا حزبی دیموکرات ئەو توانایەی تێدایە ئەم ئامانجانە بپێکێت و کۆمەڵگەی ڕۆژهەلاتیش ئامادەی وەرگرتنی هەیە، ڕای گەیاند: "پێموایە حزبی دیموکرات توانایی ئەم کارەی هەیە، لەبەرئەوەی حزبێکی نوێ نییە کە تۆ بێیت و بڵێی دەبێ ڕەوایی بۆ دەستەبەر بکەم، دوایی خەباتی بۆ بکەم هەتا بێت و بناسرێتەوە، بۆیە ئەو قۆناغانەی بڕیوە، بۆیە لە ڕەهەندە مێژووییەکەدا کێشەی نییە. باسی دووەم ئەوەی کە ئاخۆ ئەم حزبە لە بەتنی خۆیدا توانای مانادارکردنی ئەم شتانەی هەیە ئەمە خۆی باسێکی دیکەیە و دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی کە لە ڕێکخراوەکەدا ئیزنی ئەمە بدرێت کە ئەم باسانە ببنە گوتار و دیسکۆرسی سەرەکیی ڕێکخراوەکە و هیزگەلێک هەبن کە ورد و شیی بکەنەوە".
لە درێژەی ئەم بەشەدا گوتیشی: "بۆیە لە بنەڕەتدا حزبی دیموکرات شەڕخواز نییە، بهڵكوو دهیهوێ بە جەماوەری بڵێ کە دەبێ ئێوەش لەم خەباتەدا بەشدار بن، ئێمە بەو تێڕوانینەی جارانەوەی نایەینەوە، هەلگری پەیامیکی ئەمڕۆژی و نوێین، ئەگەر ڕووداوێک ڕوو دەدات، ئەوە ئێمە نین کە خوازیاری بین، بەڵکوو بەرۆکمان دەگرێت".
لە پەیوەندی لەگەڵ گوتار و کاردانەوەی حکوومەتی ئێران لە بەرانبەر ئەم قۆناغە نوێیە له کوردستانی ڕۆژهەڵات، حسام دەستپیش پسپۆڕی پەیوەندییە نیودەوڵەتییکان گوتی: "دۆسیەی سیاسی و فەرهەنگیی کوردستانی ڕۆژهەڵات و تەنانەت باشووریش بەدەستی سوپای پاسدارانەوەیە، لەبەر ئەوەی لە پێکهاتەی دەسەلاتی سیاسی و سەربازیی ئێراندا قسەی یەکەم دەکات، واتە برا گەورەی هەموویانە و چاوی بەسەر هەموویانەوەیە و گەمە سیاسییەکان ڕێک دەخات، ئاراستەی دەکات و ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، سوپاش زۆر توند لەگەڵ ئەم پرسە دەجووڵێتەوە، دەیهەوێ ئەوە بسەلمێنێ کە بە شێوەیەک لە شێوەکان توانیویانە ئۆتۆریتەی خۆیان بخەنە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و قەیرانەکان لە دەرەوە بخولقێنن، کەواتە گەرەکییە بەم شێوازە توندە جۆرێک زەربە لە کۆمەڵگە بدات کە ئیتر لەو ئاستەدا نەماوم کە ئامادە بم لەگەڵت دیالۆگ بکەم، بەڵکوو وێرانی دەکەم، بۆ ئەوەی بزانن من چەندە جدیم لەم مەسەلەیەدا، بەڵام ئەمە هاوکات شکستیش دێنێ، تۆ هەتا چەندە لە سیاسەتدا سەخت و ملئەستوور بیت، بەو ئاستەش ئەگەری شکانت زۆرترە، بۆ؟ چونکە لە بنەڕەتدا سیاسەت کایەیەکی میانەڕەو و کراوەیە و جا لەم دونیایەشدا کە بووەتە دنیایەکی بەجیهانی و سیستەمێکی بێ سنووور لە ڕاگەیاندن هەیە و بەربەستەکان شکێنراون، بۆ وێنە ئاستی ئەو وێانکارییەی کە لە سەرەتای شۆڕشدا کراوە، دە قاتی ئەوە بووە کە لە گوندی "قەرەسەقەل"ی شنۆ حکوومەت کردوویە، بەڵام ئیمە ئەو کاتە نەمانبینیوە، کەچی ئەمڕۆ دوای چەند خولەک بە چاو دەیبینین“.
حسام دەستپیش، پسپۆڕی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا زیاتر شی کردەوە: "ئەم نیشاندانی هێزەی سوپا تەنیا بۆ خۆیانە و بۆ دنیای دەرەوە ڕەوانە ناکرێت، بۆچی، لەبەرئەوەی کە دنیای دەرەوەی لێی وەرناگرێت و هاوکات کۆمەڵگەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش وەری ناگرێت، چونکە ئەو بە ئێمەی دەگوت کەس ناتوانێ هەناسە بدات، بەڵام دەبینی حزبی دیموکرات ڕاست لە جێگری فەرماندەی سوپای ناوچەیەکی داوە".
پەیوهند به ههمان پرس، ئارام مودەڕیسی، نوێنەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر ڕايگەیاند: "ئێمە وەک حزبێکی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لە ساڵانی ڕابردووشدا لە ناوخۆی کوردستان چالاکیی چەکداری و پێشمەرگانەمان هەبووە و حزبێکی نزیکی دیموکراتین، ئامادەی هەرچەشنە هاوکاری و پاڵپشتییەکین لە حزبی دیموکرات".
مودەڕسی ئاماژەی بەوەش کرد "باوەڕیشمان وایە دەبێ بۆ ئەوەی ئەم خابەت کاریگەر بێت و دەنگدانەوەی هەبێت و بگاتە ئەنجام، دەبێ هەوڵ بۆ ڕێکخستن و هاوکاری و پێکهێنانی بەرەیەک لەناو پارتە سیاسییەکانی کوردستاندا بدرێت".
هاوکات ئەنوەر محەمەدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی کۆمەڵەی شۆڕشێگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەمبارەیهوە ڕايگەیاند: "لەدەستدانی ئەو پۆلە پێشمەرگەیهی دیموکرات خەسارێکە لە پەیکەری بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات، بەڵام با کۆماری ئیسلامی بزانێ کە بە کوشتن و لەدەستدانی ڕۆڵەکانی بزووتنەوەی کورد، بڵێسەی شۆڕش دانامرکێ، بەڵکوو درێژەی دەبێت هەتا دەگاتە مەنزڵ و ئەوەش کە خەباتی چەکداری ڕوو دەدات، نیشانەی نەبوونی ئازادیی سیاسی و نەتەوەییە".
گوتەبێژی کۆمەڵە گوتیشی: "وەک کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ کە لە ساڵانی رابردووشدا هەر لەناوخۆی ڕۆژهەڵات حزوورمان هەبووە، پاڵپشتیی خۆمان بۆ پێشمەرگەکانی حزبی دیموکرات دووپات دەکەینەوە و ئامادەی هەرچەشنە هاوکاری و یارمەتییەکین".
هاوکات لایەنی دیکەی دیموکرات، حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) و پارتی لیبراڵ دیموکراتی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراو پاڵپشتیی خۆیان لە حدکا دەربڕیوە و ئامادەی هاوکارین.
باسنيوز
