عەبادی وادەی رزگارکردنەوەی مووسڵ دیاری دەکات
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 21ـی حوزەیرانی 2016، عەبادی پێشوازی لە ژمارەیەک زانای ئایینیی شیعە و سوننە کردووە و رایگەیاندووە، ”زاناکان بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەر شانە“.
حەیدەر عەبادی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، کە حکوومەت بە چڕی کار دەکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، کە بەهۆی شەڕی تائیفیی سوننە و شیعەکان و هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە ناوچەکانیان هەڵاتوون و زۆربەیان روویان کردووەتە کوردستانی باشوور.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەمساڵ (2016) شاری مووسڵ رزگار دەکرێتەوە و ئاماژەی بەوەش کردووە، کە خەڵکی ناو مووسڵ پەیام دەنێرن و داوای هاوکاری و رزگاربوون دەکەن.
ئەم گوتانەی حەیدەر عەبادی لە کاتێکدایە، کە لە مانگی حوزەیرانی 2014ـەوە چەکدارانی داعش مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کردووە.
باسنیوز
