ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ھەڵمەتەکەی گۆڕان دژ بەبارزانی ڕاگرت
بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە بزووتنەوەی گۆڕان، لەلایەن یەکێک لە باڵوێزخانەکانەوە کە وڵاتەکەی ئەندامی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشە لە بەغدا، لەڕێی دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی کە ھاوکات ھەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕانیشە، پەیامێک بۆ بزووتنەوەی گۆڕان نێردراوە کە بە زووترین کات، ھەڵمەتی ڕاگەیاندنی دژ بە بارزانی رابگرێت.
سەرچاوەکە زیاتر روونی کردەوە، پێش راگرتنی ھەڵمەتەکە، کاربەدەستێکی باڵای باڵوێزخانەکە پەیوەندیی بە دەرباز محەمەدەوە کردووە و سەرنجی ڕاکێشاوە بۆ ئەوەی کە حکوومەتەکەی دژی ھەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت لەو ھەڵمەتی راگەیاندنەدا، کە بە ئاراستەی ئاڵۆزکردنی زیاتری بارودۆخی ھەرێمی کوردستان کار دەکات و ئەمەش دژی سیاسەتەکانی وڵاتەکەیەتی.
ھەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە، دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچبەرانی حکوومەتی عێراق، دوای ئەو پەیوەندییە، ڕاستەوخۆ تەلەفۆنی بۆ نەوشیروان مستەفا کردووە و ئەو ھەڵوێستەی ھاوپەیمانانی پێ ڕاگەیاندووە.
شایەنی وەبیرھێنانەوەیە، دوو ھەفتە لەمەوبەریش، بورھانی رەشەی گوڵە ھەڵسووڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان لە دیمانەیەکدا بە (باس)ی راگەیاند: ”پشتیوانیی نێودەوڵەتیی بۆ پارتی، پەیوەندیی بە شەڕی داعشەوە ھەیە“.
ھەر پێوەند بە ھەمان پرس، نیاز حاجی، چاودێری سیاسی رایگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان گوێ بە داوای ناوخۆیی نادات بۆ ئاڵۆزنەکردنی زیاتری دۆخی ھەرێمی کوردستان، بەدڵنیاییەوە ئەو ھێزە پێویستی بە فشاری دەرەکی و وڵاتانی زلھێز ھەیە کە ئاگاداری بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، راگرتنی ئەو ھەڵمەتەی راگەیاندنیش روونە کە لەسەر داوای ھاوپەیمانان بووە، پێشتریش لەپێش ٢٣ی حوزەیرانەوە ھاوپەیمانان داوایان لە گۆڕان کرد ئەو کۆبوونەوەیە نەکات، دواتریش باجەکەی دا، ئەمجارەش گۆڕان لەو ھەڵمەتەدا دژی بارزانی کە بەشێوەیەکی مەیدانی سەرکردایەتیی شەڕی دژی داعش دەکات، ھەموو سنوورەکانی بەزاند، بەلای ھاوپەیمانانیشەوە لەم کاتەدا پشێویی ناوخۆیی کوردستان، کاریگەریی خراپی بۆ سەر بەرەی دژە داعش ھەیە“.
ئەو چاودێرە گوتیشی: ”نابێ ھیچ کام لە حزبەکانی کوردستان ئەوەیان لەبیر بچێت، کە ھەرێمی کوردستان حاڵی حازر ھێزێکی کارا و کاریگەرە، لەنێو ئەو ھاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەی دژی داعش پێک ھاتووە“.
بەڵام عەبدولڕەزاق شەریف، بەرپرسی میدیاکانی گۆڕان لە رێگەی کەناڵە میدیاییەکانی حزبەکەیەوە رای گەیاند، ئەوان بۆ رێزگرتن لە داوای سەڵاحەدین بەھائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و ئاڵۆزنەکردنی دۆخەکە و ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی، شەڕی راگەیاندن دژی بارزانی رادەگرن.
پێوەند بە ھەمان پرس، سامان گەرمیانی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە یەکێکە لە ئەندامانی شاندی ھاوبەشی یەکێتی و گۆڕان بۆ وتووێژ لەگەڵ حزبەکان ڕایگەیاند: «لە سەروبەندی شەڕی ڕاگەیاندنی گۆڕان و پارتیدا بارزانی بەبێ ھۆ نەیگوت: (لەسەر من ھیچ قسەیەک مەکەن) بێگومان ئەو پەیامەی بارزانی ھەوڵدان بوو بۆ ھێوربوونەوەی دۆخەکە و رۆڵێکی کارای ھەبوو“.
گەرمیانی گوتیشی: «تەنیا ڕێگا ئەوەیە ھەموومان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و ڕێگای دیالۆگ بگرینە بەر تا چارەسەری تەواوی کێشەکان بکەین“. گوتیشی: «پێویستە ھەموومان ھاوکاریی بارزانی بکەین، بۆ ئەوەی لەم بارودۆخەی ئێستادا برادەرانی گۆڕان و برادەرانی پارتی پێکەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن“.
سەرکردەکەی یەکێتی نیشتمانی گوتیشی: «ئێستا ھەرێمی کوردستان مەترسیی لەسەرە و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان شەڕی تیرۆریستانی (داعش) دەکات، خۆشبەختانە بەھۆی ورەی بەرزی پێشمەرگە بەشێکی ناوچەکانی خۆمانمان لەژێر دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی (داعش) وەرگرتووەتەوە، بێگومان لەم دۆخەی ئێستادا پێویستە ھەموومان ناوماڵی کورد بپارێزین ئەویش تەنیا لەڕێگای پاراستنی یەکڕیزی و ھاوھەڵوێستییەوە دەبێ“.
باس
