دهۆك؛ لەدوو رووداوی هاتوچۆدا دوو كەس گیانیان لەدەستدا‌و 15ی تر برینداربوون

دهۆك؛ لەدوو رووداوی هاتوچۆدا دوو كەس گیانیان لەدەستدا‌و 15ی تر برینداربوون
لەپارێزگای دهۆك دوو كەس گیانیان لەدەستدا‌و 15 كەسی تر برینداربوون، بەهۆی دوو رووداوی هاتوچۆوە كە ئەمڕۆ رویاندا، ئەوەش بەوتەی پۆلسی هاتوچۆ.

هەردوو رووداوەكە، ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر رێگای سەرەكی روویداوە لەناوچەكانی زاخۆ‌و باعەردێ‌، لەسنوری پارێزگای دهۆك.

رائیدی مافپەروەر ئازاد تەها، وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆ لەپارێزگای دهۆك راگەیاند "ئەمڕۆ رووداوێكی هاتووچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری بارهەڵگر‌و نیسان تایبەتدا لە سەر جادەی سەرەكی لە قەزای زاخۆ بۆ قەزای سێمێل روویدا".

وتیشی "لەئەنجامی پێكدادانی نێوان ئەو دوو ئۆتۆمبێلە كەسێك گیانی لە دەستدا‌و سێ‌ كەسی تر بە سەختی بریندار بوون، یەكێك لە بریندارەكان شۆفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكە بووە‌و زیاتر لە یەك كاتژمێر لە ناو ئۆتۆمبێڵەكەیدا گیری خواردبوو دواتر دەرهێنرا ".

رووداوی دووەم، كاتژمێر حەوتی ئێوارەی ئەمڕۆ روویداوە، لەسەر شەقامی سەرەكی لەناحیەی باعەدرێ بۆ پارێزگای دهۆك.

وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆ لەپارێزگای دهۆك وتی "لەو رووداوەشدا كەسێك گیانی لەدەستدا ‌و 12 كەسی تر برینداربوون".
Top