کۆمەڵێک هەڵسووڕاوی گۆڕان پەیوەندی بە پارتییەوە دەکەن

کۆمەڵێک هەڵسووڕاوی گۆڕان پەیوەندی بە پارتییەوە دەکەن
دەیان هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، سەردانی شاری هەولێر دەکەن و پەیوەندی بە پارتی دیموکراتیی کوردستانەوە دەکەن و یەکێک لەو هەڵسووڕاوانە ئەوە ئاشکرا دەکات کە لەنێو گۆڕاندا نادادپەروەری هەیە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی ئاگادار، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 21\6\2016، لە دوو شاندی جیاوازدا، دەیان کادیری بزووتنەوەی گۆڕان، سەردانی هەولێریان کردووە و پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پارتییەوە کردووە. ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەردوو شاندەکە لەگەڵ جەعفەر ئیمنکی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و د. محەمەد حاجی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دانیشتوون.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، شاندی یەکەم، لە فرسەت ئەحمەد ساڵح، باژێڕوانی پێشووی گۆڕان لە شارۆچکەی خەبات لە سنووری پارێزگای هەولێر و کادیر و ئەندامانی ژوور و بازنەکانی خەباتی گۆڕان پێکهاتوون. گوتیشی: ”ئەوانە ماوەیەک لەمەوبەر دەست لەکار کێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاندبوو و ئەمڕۆ بە تەواوی هاتنە نێو ڕیزەکانی پارتییەوە“. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە شاندی دووەم لە ژمارەیەک هەڵسووڕاوی ڕانیەی ئەو حزبە پێکهاتووە.

لەمبارەیەوە، جیهاد عەبدوڵا بایز، یەکێک لە هەڵسووڕاوەکانی ڕانیەی گۆڕان کە ئەمڕۆ پەیوەندی بە پارتییەوە کردووە، ڕايگەیاند: ”ئێمە ژمارەمان 9 هەڵسووڕاوە و پلەی جیاجیامان هەیە، بڕیارمان داوە لەمەودوا لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتیی کوردستان کاری سیاسیی خۆمان بکەین“. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”بەهۆی ناعەدالەتی کە لەنێو گۆڕاندا هەیە، هەروەها بەهۆی ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی، دەستمان لەکار کێشاوەتەوە“.

ناڕەزاییەکانی نێو گۆڕان لە ئەنجامی ڕێککەوتنەکەی ئەو بزووتنەوەیە لەگەڵ یەکێتی، بەرفراوانە و بەشێکی بەرچاوی بنکەی جەماوەریی گۆڕان، لە ڕێککەوتننامەکە نیگەرانن.











باسنیوز
Top