ڤیان دەخیل: زیاتر لە چوار هەزار و 200 ئافرەت و منداڵی ئێزدی لەدەستی داعش دان
ئەمڕۆ سێشەممە (21.6.2016)، ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جینێف گوتی: "سوپاسی نەیەوە یەکگرتووەکان دەکەین بۆ بەجینۆساید ناساندنی کەیسی ئێزدییەکان، بەڵام پێمان وایە بە جینوساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە زۆر دوا کەوت".
ڤیان دەخیل گوتی: "دوای هێرشەکەی داعش بۆ سەر شنگال 5 هەزار و 800 ژن و منداڵی ئێزدی لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە بە دیل گیران کە پێمان وایە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەبوایە زۆر زووتر هەنگاوی جیدیی هەڵگرتبا، بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانەی دژ بە ئێزدییەکان کراوە".
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئیزدییە گوتیشی: "تا ئێستاش 3 هەزار و 200 ئافرەت و هەزار منداڵی ئێزدی لەدەست داعشدا ماوە و دوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین هەنگاوەکانیان بۆ گەڕاندنەوەیان چڕتر بکەنەوە و هەرچی زوو ئەو کەیسە بدرێتە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان".
لە دانیشتی ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرجەم وڵاتانی ئەندام ئیدانەی ئەو تاوانانەی داعشیان بەرانبەر ئێزدییەکان کرد و داوایان کرد بە زۆترین کات کەیسی تاوانەکانی داعش بدرێتە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان.
باسنيوز
