حدکا: چەواشەکارییەکانی ئێران بۆ شاردنەوەی جەوهەری تیرۆریستیی خۆیەتی
لەم بارەوە موحسین ڕەزایی، سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی حکوومەتی ئێران لە هەواڵدەریی "تەسنیم"ی نزیک لە سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە، "کە کۆنسووڵگەریی سعوودیە لە هەولێر فەرماندەیی دوو تیمی تیرۆریستیی کردووە بۆ ناو خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و پاڵپشتیی کردوون کە بەدەستی سوپای پاسداران هەموویان کوژراون."
لەم پەیوەندییەدا محەمەدنەزیف قادری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حدکا و بەرپرسی کۆمیسیۆنی پەیوەندەییەکانی ئەو پارتە لە لێدوانێکدا وێڕای ڕەت کردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئێران و بەرپرسانی سەربازیی ئێران کە دەیدەنە پاڵ ئەوان گوتی "ئێمە وەک حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەک سکرتێریشمان لە ڕێوڕەسمی پرسەی ئەو پۆلە شەهیدەماندا گوتی تەنیا لەسەر بنەمای بەرنامە و ئامانج و ستراتیژیی خۆمان و بە پشتبەستن بە ئیرادەی جەماوەری کوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕادەی توانایی و بڕشتی خۆمان بڕیار دەدەین و ناکەوینە ژێر کاریگەری هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی و وڵاتێکەوە، بۆیە ئەو پڕوپاگەندە و تۆمەتانە هێچ بنەمایەکی ڕاستیان نییە و بە ئێمەوە ناچەسپێن."
ئەو ئەندام مەکتەب سیاسییەی حدکا ڕاشیگەیاند "ئامانجی کۆماری ئیسلامی لەم چەواشەکاری و تۆمەت داتاشینانە نوێ نین و لە جەوهەر و ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرن و مەبەستی بەلاڕێدابرنی بیروڕای گشتی و شاردنەوەی ڕاستییەکانە و لەڕستیدا کۆماری ئیسلامی خۆی سەرچاوەی تیرۆر، ئاژاوەیە لە ناوچە و تەنانەت ئەورووپا و دونیای دەرەوەش، بۆیە بەلای ئێمەوە ئەم قسانە هیچ گرنگ نین، چونکە ئامانجمان ڕەوایە و بۆ ڕزگاری و ئاشتی، دیموکراسی و دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی خەبات دەکەین و بۆ ئەم مەبەستەش ڕێکاری ڕەوا و ئوسووڵی دەگرینە پێش."
لە کۆتاییدا محەمەدنەزیف قادری، ئەوەشی خستەڕوو، خەباتی ئێمە و ئامانج و حزبی ئێمە هەڵقوڵاوی ویست و داخواز و ئیرادەی گەلەکەمانە و جگەلە توانای خۆمان و ئیرادەی و پاڵپشتیی نەتەوەکەمان و بەرنامە و ستراتیژیمان، دەست نادەینە هیچ کارێکی ناڕەوا و بۆ بردنە پێشی ئامانجەکانمان ناکەوینە ژێر کاریگەریی سیاسیی هیچ لایەنێک و هێز و توانایی و پێشمەرگەی خۆمان و خەڵکی ڕۆژهەڵات جەوهەر و ئاراستەی خەباتی ئێمەن."
هەفتەی ڕابردوو لە گوندی قەرەسەقەلی سەر بە شاری شنۆ لە پارێزگای ورمی تیمێکی پێشمەرگەکانی حدکا لەلایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە کەوتنە بەر هێرش و پاش دروستبوونی شەڕێکی قورس و نابەرانبەر و کوژرانی زیاتر لە 40 ئەندامی سوپای پاسداران، هاوکات شەش پێشمەرگەی ئەو حزبەش پاش سووتاندن و وێنرانکردنی چەندین ماڵی گوندەکە لەلایەن تۆپخانەی سوپای پاسدارانەوە شەهدی کران.
باسنیوز
