پرۆژەى بەهەرێمكردنى كەركوک لە بنەماوە پرۆژەى توركمانەكانە
پێشتر بۆ یەكەمجار دكتۆر نەجمەدین كەریم ى پارێزگارى كەركوكیش بە فەرمى پشتگیرى خۆى بۆ پرۆژەى بەهەرێمكردنى كەركوک راگەیاند، ئەمەش نیگەرانى تەواوى لایەنە سیاسیە كوردیەكانى لێكەوتەوە.
ئیبراهیم خەلیل نوێنەرى یەكگرتووى ئیسلامى لە نێو لیستى برایەتى كەركوک، رایگەیاند، وەكو لیستى برایەتى دژى بەهەرێمكردنى شارى كەركوكین و ئەو پرۆژانە رەتدەكەینەوە كە بۆ ئەو مەبەستە پێشكەش كراون.
ئەحمەد عەسكەرى یەكێك لە نوێنەرانى یەكێتى نیشتیمانى لە نێو لیستى برایەتى كەركوک، ئاماژەى بەوەكرد، پرۆژەى بەهەرێمكردنى كەركوک لە بنەماوە پرۆژەى توركمانەكانە، چونكە ئەوان لە پەراوێزخستن و پشتگوێخستن دەترسن بۆیە ئەو پرۆژەیەیان پێشكەش كردووە، وتىشی ئێمە دژى پرۆژەكەین.
كامەران كەركوكى یەكێک لە نوێنەرانى پارتى لە نێو لیستى برایەتى كەركوک، رایگەیاند، پارێزگار دەسەڵاتى جێبەجێكردنە و مەسەلەى بەهەرێمكردن پەیوەندى بەوەوە نییە، بەڵكو پەیوەندى بە ئەنجومەنى پارێزگا و كۆمیسیۆن و عێراقەوە هەیە، بەڵام ئێمە وەكو ئەنجومەنى پارێزگا دژى بیرۆكەى بەهەرێمكردنى كەركوكین.
ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک كە نوێنەرایەتى چین و توێژەكانى ئەو پارێزگایە دەكات لە 41 كورسى پێكهاتووە، لیستى برایەتى كەركوك خاوەنى 26 كورسى و لیستى توركمان خاوەنى 9 كورسى و عەرەبى سونەش 6 كورسى هەیە.
