پەرلەمانتارێک: هەتا ئێستا نزیكەی ھەزار ئافرەتی ئێزدی رزگاریان بووە
ڤیان عەباس، ئەندام پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند؛ هەوڵەکان بۆ بەدواداچوونی کچانی ڕفێندراو لەلایەن داعشەوە بەردەوامە و کاریش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕزگابوان دەکرێت.
ڤیان عەباس گوتی: "ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق 550,000 کەسە، کە لەو ژمارەیە 360,000 کەسیان بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارە بوون و 1293 هاووڵاتیی کوردی ئێزدی لەو شەڕەدا شەهید بوون".
ئەو ئەندام پەرلەمانە لەبارەی ژمارەی منداڵانی بێ سەرپەرستی ئێزدی لە ئەنجامی شەڕی داعش گوتی: " 1759 منداڵ باوکیان لەدەست داوە، 407 منداڵی ئێزدی دایکیان لەدەست داوە و هاوکات 359 منداڵیش دایک و باوکیان لەدەست داوە و 220 منداڵیش دایک و باوکیان لەلایەن داعشەوە بەدیل گیراون ".
لەبارەی ئاماری ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەکانی لە ئەنجامی شەڕی داعش دۆزراونەتەوە، ڤیان عەباس ئاشکرای کرد؛ لە شنگال 22 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، هاوکات داعش لەو ماوەیەدا 44 مەزارگەشی تەقاندووەتەوە".
ئەو ئەندامەی لێژنەی پەیوەندییەکان و کاروباری ڕەوەندی کوردستان لە پەرلەمان لەبارەی ئاماری هاووڵاتیانی ڕفێندراو بەدەستی داعش گوتی: "6386 کەس ڕفێنراون کە لەو ژمارەیە 3527 ئافرەت و 2859 کەسیشیان پیاو بوون".
بە گشتی ژمارەی کەسانی ڕزگارکراو لە دەست داعش 2587 کەسن کە لەو ژمارەیە 934 ژن و 325 پیاون، هاوکات ژمارەیەکیشیان منداڵیان ڕزگار کردووە کە 658 بە رەگەز کچ و 670 کۆڕن.
لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانی کە تا ئیستاش لەژێر دەستی داعشدا ماونەتەوە، ڤیان عەباس ئاماژەی دا؛ کە بەپێی دوا ئاماری بەڕیوەبەرایەتیی گشتی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کۆی کردووەتەوە؛ 3799 کەسن کە لەو ژمارەیە 1935 ژن و 1864 پیاون.
ڤیان عەباس لەبارەی کەیسی کچانی ئێزدی ڕزگاربوو لەدەستی داعش باسی لەوە کرد کە " لە پارێزگای دهۆک سەنتەرەێکی تایبەت بە کچەنی ڕزگارکراو لە دەستی داعش کراوەتەوە کە لە هەموو ڕوویەکەوە لە خزمەت چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کچانە دایە."
زیاتر گوتیشی: "وەکوو لێژنەی تایبەت لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی دەرەوەی وڵاتمان کردووە و کارمان کردووە بۆ ئەوەی کەیسی کچانی ئێزدی ببێتە کەیسێکی تایبەت و فشارێکی نێودەوڵەتیش دروست بکەین بۆ ئەوەی بتوانین هەوڵ بۆ ئازادیی ئەو کچانە بدەین، کە لەژێر دەستی داعشدا ماون".
باسنیوز
