دەزگای بارزانی، بەشەخۆراكی 976 خانەوادەی دابین كرد.. خۆراكیش پێشكەشی 1902 خانەوادە كرا

دەزگای بارزانی، بەشەخۆراكی 976 خانەوادەی دابین كرد.. خۆراكیش پێشكەشی 1902 خانەوادە كرا
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوكاری لەگەڵ پرۆگرامی خۆراكی جیهانی WFP، بەشەخۆراكی دوو مانگ پێشكەشی 976 خانەوادەی ئاوارەی لە سنووری شارۆچكەی بەردەڕەش و شارەدێی كەڵەك كرد. لە كەمپی دیبەگەیش، بە هاوكاری لەگەڵ دەزگای حاجی یەحیا، پێداویستی پاككەرەوە و پریاسكەی خۆراك و مریشك و ژەمەخۆراكی گەرمی بەسەر 1902 خێزانی تازە هەڵهاتووی ژێر دەستی داعش و 1660 كەسی تردا دابەش كرد.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئه‌مرۆ، بە هاوكاری لەگەڵ پرۆگرامی خۆراكی جیهانی WFP لە هەڵمەتێكدا بەشەخۆراكی مانگی (6-7)ـی پێشكەشی 976 خێزانی ئاوارەی لە شارۆچكەی بەردەڕەش و شارەدێی كەڵەك لە سنووری پارێزگای دهۆك كرد، كە هەر خێزانێك پریاسكەیەك (خۆراكی وشك) كە لە (برنج، ساوار، ئارد، زەیت، دۆشاوی تەماتە، خوێ، شەكر، فاسۆلیا، چا، رشتە، شیر، نۆك، سریلاك)‌ پێك هاتبوو، پێشكەشی كرا.

لە درێژەی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری و پێداویستییەكان بەسەر پەنابەر و ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستاندا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەڵمەتێكدا بە هاوكاری مانگی سوری ئیماراتی لە كەمپی دیبەگە لە سنووری پارێزگای هەولێر، كە تایبەتە بە ئاوارەكانی مووسڵ و دەوروبەری، خێوەت و ژەمەخواردنی گەرمی پێشكەشی 1660 كەسی تازە هەڵهاتوو كرد، كە لە ‌ناوچەكانی دەوروبەری شارۆچكەی مەخموورەوە هەڵهاتبوون و روویان لە كەمپەكە كردبوو.

هەروەها لە درێژەی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكارییەكان بەسەر ئاوارەكانی كەمپی دیبەگەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای حاجی یەحیا وشكەخۆراك و مریشكی بەسەر 1902 خانەوادەی ئاوارەدا دابەش كرد، كە هەر خێزانێك‌ مریشكێك و پارسێلێكی خۆراك كە لە (برنج، ساوار، زەیت، دۆشاوی تەماتە، خوێ، شەكر، فاسۆلیا، چا، رشتە، شیر، نۆك، سریلاك)‌ پێك هاتبوو، پێی درا.

شایانی باسە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە زۆربەی كەمپی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان رۆژانە هەڵمەتەكانی دابەشكردنی خۆراك و پێداویستی بەڕێوە دەبات و بەردەوامیش دەبن لە هاوكاریكردنی زیاتری پەنابەر و ئاوارەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی رۆژانەیان، بە تایبەتیش ئەو كەس و خێزانە ئاوارانەی كە رۆژانە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشەوە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و لە كەمپەكاندا شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەكرێت.









KDP
Top