ملیۆنێك دۆلار بەناوی پێشمەرگە لە عومرەكاران وەرگیراوە، کەچی بۆ ئەوقافە

ملیۆنێك دۆلار بەناوی پێشمەرگە لە عومرەكاران وەرگیراوە، کەچی بۆ ئەوقافە
ئەندامێكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت دوای تەواوبوونی مانگی رەمەزان، داوا لە لیژنەكەیان دەكات بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە وەرگرتنی 100 دۆلار لە هەر عومرەكارێكی كوردستان بكەن كە ئەمساڵ لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە بۆ وەزارەت وەرگیراوە.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە گەشتی عومرەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بۆ سعودیە دەستی پێكردووە و تاوەكو 20ی رەمەزان بەردەوام دەبێت. وەزارەتی ئەوقاف لە نێوەڕاستی وەرزی عومرە بڕی 100 دۆلاری لە هەر عومرەكارێك وەرگرتووە.

مەلا غەریب پێنجوێنی، ئەندامی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە پەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند، لەلایەن عومرەكارێكەوە پەیوەندی پێوەكراوە كە لەسەرووی ئەو پارەیەی بۆ گەشتی عومرە لێیان وەرگیراوە، بڕی 100 دۆلاری دیكەشیان لێسەندوون و گوتی "ئەو عومرەكارە پێیگوتم كە لە كاتی وەرگرتنی ئەو 100 دۆلارەدا پێیانگوتوون بۆ پێشمەرگەیە، بەڵام كاتێك پەیوەندیم بە بەرپرسی حەج و عومرەی وەزارەتی ئەوقافەوە كرد، گوتی پارەكە بۆ پێشمەرگە نییە، بۆ وەزارەتی ئەوقافە".

ئەو پەرلەمانتارە بە سەرسوڕمانەوە باسی وەرگرتنی ئەو 100 دۆلارەی كرد و گوتی "پێم سەیر بوو ئەو پارەیە بۆ وەزارەت وەردەگیرێت، بۆیە لە بەرپرسەكەی حەج و عومرەم پرسی ئاخۆ وەرگرتنی ئەو پارەیە فەرمییە و لەنێو رێنماییەكانی وەزارەتە؟ ئەویش گوتی بە واژووی وەزیری ئەوقافە بەوەكالەت، بۆیە ئەو پرسیارەم لا دروست بوو كە لەدوای گۆڕینی وەزیرەكەی گۆڕانەوە ئەو بڕیارە دەرچووە؟".

پێنجوێنی بە پێویستی زانی لیژنەكەیان لە وەرگرتنی ئەو پارەیە بكۆڵێتەوە و گوتی "بەپێویستی دەزانم دوای تەواوبوونی مانگی رەمەزان لەلایەن لیژنەكەمانەوە بانگهێشتی وەزیری ئەوقاف بە وەكالەت بكەین بۆ تاوتوێكردنی وەرگرتنی ئەو 100 دۆلارە، ئاخۆ لەچوارچێوەی یاسا و رێنماییدایە یان نا".

سەبارەت بە چارەنووسی ئەو پارەیەشی كە ئەمساڵ لە عومرەكاران وەرگیراوە، مەلا غەریب گوتی "ئێمە جارێ هەوڵ دەدەین لێكۆڵینەوە لە یاسایی و نایاساییبوونەوەكەی بكەین ئەگەر زانیمان نایاساییە، ئەوا داوای گەڕانەوەی پارەكە دەكەین".

بەپێی ئاماری وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای گەشتی عومرەوە تائێستا نزیكەی 15 هەزار كەس عومرەیان كردووە، خەرجی هەر عومرەكارێكیش لەنێوان 750 تاوەكو 1100 دۆلاردایە.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف پشتڕاستی كردەوە كە ئەو 100 دۆلارە لە هەر عومرەكارێك وەرگیراوە و گوتی "لەسەر پێشنیازی وەزارەت و دوای وەرگرتنی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو پارەیە وەكو رسومات بۆ زیادكردنی داهاتی حكومەت وەرگیراوە و پاشانیش بۆ ئەو ستافەی لە وەزارەت بۆ گەشتی عومرە و سەفەری حەج دەڕۆنە سعودیە خەرج دەكرێتەوە". گوتیشی "تاوەكو ئێستا زیاتر لە 11 هەزار عومرەكار ئەو پارەیەیان لێوەرگیراوە و پارەكەش زیاتر لە ملیۆنێك دۆلارە و لەژێر رێنمایی وەزارەتی داراییە".



رووداو
Top