کۆسرەت ڕەسوڵ پێشنیازی لادانی نەجمەدین کەریم دەکات

کۆسرەت ڕەسوڵ پێشنیازی لادانی نەجمەدین کەریم دەکات
بەهۆی هەوڵەکانی بۆ بەهەرێمکردنی کەرکووک، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشنیازی لادانی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک دەکات و ناوی کەسێک بۆ جێگرتنەوەی دەخاتە ڕوو.

دوای پڕۆژەکەی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک لەبارەی بەهەرێمکردنی کەرکووک، بەشێک لە سەرکردایەتیی یەکێتی و کادیرە باڵاکانی ئەو حزبە، بەتوندی لە دژی پڕۆژەکە وەستانەوە، بەو هۆیەشەوە نیگەرانی دروست بوو.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی نێو یەکێتی لە کەرکووک، تایبەت ڕایگەیاند، گرفت لە نێوان نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک و بەشێک لە یەکێتییەکانی کەرکووکدا هەیە، بەتایبەتی لەدوای پڕۆژەی بەهەرێمکردنی شارەکە.

لە چوارچێوەی ئەو ناکۆکییانە، بەشێک لە سەرکردایەتیی یەکێتی لە بەغدا کە دیارترینیان خالید شوانی، ئەندامی سەرکردایەتی و گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لەبارەی پڕۆژەکەی پارێزگاری کەرکووکەوە، نیگەرانییان دەربڕی و کۆمەڵێک بەڵگەیان ئاشکرا کرد کە دەری دەخات پڕۆژەکە، پڕۆژەی بەشێک لە لایەنە تورکمانییەکانە.

هەر بە گوتەی سەرچاوەکەی نێو یەکێتی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکات، لە هەفتەی ڕابردوودا، کێشەکانی نێوان نەجمەدین کەریم و بەرپرسانی یەکێتی زیاتر بووە. گوتیشی: “کێشەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی، یاداشتێکی بە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی داوە و تێیدا باسی لەوە کردووە کە کاتی ئەوە هاتووە، نەجمەدین کەریم لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک لابدرێت”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هۆکاری پێشنیازەکەی کۆسرەت ڕەسول، بۆ پڕۆژەی بەهەرێمکردنی کەرکووک دەگەڕێتەوە. ئەوەشی ئاشکرا کرد: “کۆسرەت ڕەسول عەلی پێشنیازی کردووە، ڕەفعەت عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دیاری بکرێت”.

هەر بەپێی ئەو زانیاریەکان “پەیوەندیی نێوان نەجمەدین کەریم و ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی زۆر خراپە، ئەوەش هۆکارێکی دیکەی کێشەکەیە”.
هەر لەمبارەیەوە، د. بێستوون عادل، پەرلەمانتاری یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: “دوای هاتنەوەی پارێزگاری کەرکووک، کۆبوونەوەیەک دەکەین و ئەو پرسە باس دەکەین”.
هەژی گوتنێیە تائێستا زۆر لە سەرکردە دیارەکانی یەکێتی لە لێدوانی فەرمی و ڕۆژنامەوانیدا، بە ڕاشکاوی ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە (پرسی بەهەرێمکردنی کەرکووک) تەنیا پڕۆژەی شەخسیی نەجمەدین کەریمە و یەکێتی وەک حزب بەرییە لەو پڕۆژەیە.




باسنیوز
Top