ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی بۆ گۆڕان: ئێمە بە سەربەخۆیی کوردستانەوە سەرقاڵین
دوای ئەو هەڵمەتە میدیاییەی کە بزووتنەوەی گۆڕان بەرامبەر بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتیی کوردستان دەستی پێکرد، ئەمڕۆ شەممە 18\6\2016، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕايگەیاند: "پارتی دیموکراتیی کوردستان هەرگیز باوەڕی بە شەڕی ڕاگەیاندن نەبووە و دەستپێشخەری هیچ شەڕێکی ڕاگەیاندنیش نەبووە، بەڵکو ئێمە پرسی گرنگترمان بە دەستەوەیە و بە بابەتی وەکوو سەربەخۆیی کوردستانەوە سەرقاڵین". ڕوونیشی کردەوە کە “هەڵچوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجامی سکاڵاکەی داواکاریی گشتییە لە دژی نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی گۆڕان، بە هۆی ئەو تۆمارە دەنگییانەی کە سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کونسوڵخانە و نوێنەرە دیپلۆماتکارییە بیانییەکان و ڕفاندنی بیانییەکانی نێو کۆمپانیاکانی بواری نەوت، بڵاو کرایەوە”.
عەلی عەونی ئەوەشی دووپات کردەوە: “پارتی شەڕی ڕاگەیاندن ناکات، ئەگەر نەوشیروان مستەفا لە خۆی دڵنیایە، با بڕواتە بەردەم دادگا و بیسەلمێنێت کە ئەو تۆمارە دەنگییە ڕاست نییە". ڕوونیشی کردەوە، بەرپرسانی گۆڕان بەردەوام بانگەوازی سەروەریی یاسا و چوونە بەردەم دادگاکان دەکەن، بۆیە دەڵێت: ”بۆ سەلماندنی ئەو بانگەوازەیان، باشتر وایە ڕێکخەری گشتیی گۆڕان بچێتە بەردەم دادگا”.
باسنیوز
