شارەزایان: چاكسازییەكەی سەرۆك بارزانی و ڕیفۆرمەكەی حكوومەت نەخشەڕێگای چارەکردنی قەیرانە

 شارەزایان: چاكسازییەكەی سەرۆك بارزانی و ڕیفۆرمەكەی حكوومەت نەخشەڕێگای چارەکردنی قەیرانە
پسپۆڕانی بواری ئابووری پێیان وایە، پرۆژە چاكسازییەكەی سەرۆكی هەرێم زۆر گرینگە و، حكوومەتی هەرێم بەو ڕیفۆرمە ئابوورییەی کردوویەتی لەو قەیرانە دەربازی دەبێت.

زۆر وڵاتی ئەو دنیایە تووشی قەیرانی دارایی و قەیرانی گەندەڵی بوونە و، زۆرێکیان بە زاناییی خۆیان لێی دەرباز کردووە؛ دیارە هەرێمی کوردستانیش بە چەند قەیرانێکەوە تووشە.

لەبارەی ڕێچارە زانستییەكان (د. ئاراس قادر خۆشناو) دکتۆرای گارگێڕیی دارایی ڕاگەیاند: "پرۆسەی چاكسازی واتە پێداچوونەوە بە كارەكاندا؛ هەموو ئۆرگان و دەزگایەكیش پێویستی بە چاكسازی و پەرەپێدان و بەرەوپێشچوون هەیە؛ دیارە ئەوەی ئێستا بۆ دەزگایەك باشە، ڕەنگە دووسبەی کەڵکی نەبێت؛ کە بارەكە گۆڕا، ئەویش دەگۆڕێت، چونكە پێداویستیەكانی خەڵك دەگۆرێت. پیداچوونەوە و چاكسازی بۆ حكوومەت گرنگە و پێویستە هەر هەبێت."

گوتیشی "حکوومەتی هەرێمی كوردستان وەختی خۆی زۆر گەورە بوو؛ ئەوەندە کارمەندی دامەزراندووە، باری یەکجار قورسە؛ بۆیە ناچارین بە خۆماندا بچینەوە و چاكسازی بكەین."

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر (د. سەباح خۆشناو) پسپۆری بواری داراییی گشتی پێی وایە، هەر کارێك بۆ چاكسازی و چارەسەركردنی ئەو قەیرانە دارایی و ئابوورییەی هەرێمی كوردستان بکرێت، گرینگی و سوودی خۆی هەیە. ئەمەش بە پاڵپشتیی 'بانك جیهانی' یان 'سندووقە نێودەوڵەتانییەکەی نەختینە' دەكرێت كە (IMS)ـی پێ دەڵێن و، سندووقی گەشەی ئابووری وەبەرهێنانی ئەوروپایش نیازیان هەبوو قەرز بە عێراق و هەرێم بدەن.

(د. سەباح خۆشناو) ڕایگه‌یاند: "پرۆسەی چاكسازی زیاتر پەیوەندی بە فاكتەرە ناوخۆییەكانەوە؛ ئەویش بە چاكسازییەكی ڕیشەیی و سەرتانسەری و داڕشتنەوەی پەیكەری ئابووریی هەرێم دەکرێت؛ وەك سەرۆكی حكوومەتیش ئاماژەی پێ كرد، حکوومەت پرۆژەیەکی 3ساڵەی ستراتیجیکی داڕشتووە؛ ئەویش بە گەشەپێدانی كەرتە ڕاستەقینەكانی ئابووری دەکرێ، وەك كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری و، لەو بوارانەوە بەرهەمی وڵات زیاد بکەین و، کەمتر پشت بە فرۆشی نەوت ببەسین؛ ئابوورییەکەمان چەند بناغەی بەهێزی دیکەیشی هەبێ، نەک هەر نەوت؛ کەوابێ ئابووریەکەمان ڕێچکەیەکی ڕاست دەگرێ و وردەوردە قەیرانەكەش دادەمرکێتەوە."

گوتیشی: "حكوومەت برەو بە كەرتی تایبەت بدات و زیاتر ڕیگە خۆش بکات بۆ دەرکەوتنی ئەو بوارە. هەوڵ بدەین جگە لە نەوت كاڵای هەمەجۆر ڕەوانەی دەرەوە بكەین؛ بەتایبەت بەرهەمی كشتوكاڵ؛ بواری سەیرانەوانی و گەشتیارییەکەیش وەها لێ بکەین، سەیرانکەر و گەشتیار ڕوومان تێ بکەن."

ئەو پڕۆژە چاكسازییەی كە (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاندووە و ئەو ڕیفۆڕمە ئابوورییەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێی دەكات، هەر سەر دەگرێت و، لەو قەیرانە ڕزگارمان دەبێت.

(د. ئاراس قادر خۆشناو) پێی وایە، سەرۆكایەتیی هەرێم دەبێ پشتی دەوڵەت بگرێت لەو پرۆژە چاكسازییەی خەریکیەتی؛ ناشێ لێ گەڕێ گەندەڵی بخزێتە کارەکانەوە. هەتا دادپەروەری باڵ بکێشێت بەسەر كۆمەڵانی خەڵکدا و، وڵات ئاقڵانە بەڕێوە بچێت."

(سەرۆک بارزانی) لە پەیامیدا سەبارەت به‌ پلانی ڕیفۆرمی ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێم رایگەیاند "ده‌مه‌وێ ده‌ستخۆشی و پشتیوانیی خۆم بۆ پلانی ڕیفۆرمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بانكی نێوده‌وڵه‌تی ڕابگه‌یه‌نم كه‌ به‌ هاوكارى و پشتگیریى نەتەوە یەكگرتووەكان و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى، وه‌زاره‌تى پلاندانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ڕێكخراو و دامه‌زراوه‌ تایبه‌تمه‌نده‌ بیانى و ناوخۆییه‌كان ئاماده‌ كراوه، و لە مەراسیمێکدا لە 30/5/2016 وەک نەخشە رێگایەک ڕاگەیەنرا."

(د. ئاراس قادر خۆشناو) گوتیشی: "پەیامەكەی سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ پاڵپشتیكردنی ڕیفۆرمە ئابوورییەكەی حكوومەتی هەرێم كە لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی دەیكات، گرینگە؛ بانكی نیوەوڵەتییش چەند ڕێسایەكی هەیە لە شێوازی قەزدان و چۆنیەتیی خەرجكردنەكەی و داهاتەكانی. دەبێ ئەم كارانەش بە ستانداردێكی نێودەوڵەتی بکرێت؛ وەك كەمكردنەوەی خەرجی، كەمكردنەوە و لەقاڵبدانی پەیكەری حكومەت، دەستنیشانكردنی سەرچاوەكانی داهات بە وردی، لابردنی پاڵپشتی حكومەت لەسەر كاری ناپێویست، دانانی كۆمەڵێك ڕێچكە و بنەما بۆ دامەزراوەبەندی و، ڕەخساندنی هەلی گونجاو بۆ یاساوڕیسا هەتا كاری خۆی بكات. بۆیە هەم پرۆژە چاكسازییەكەی سەرۆكایەتیی هەرێم و هەم ڕیفۆرمە ئابوورییەكەی حكوومەت، هەردووکیان زەروور و گرنگن."

(د. سەباح خۆشناو) بۆچوونی وایە كه‌، پرۆژە چاكسازییەكەی (سەرۆك بارزانی) ڕۆڵێكی زۆر گرینگی دەبێت لەسەر پرۆسەی چاكسازیدا، هەم لە ناوخۆی حزب و هەم لەسەر ئاستی حكوومەتیشدا؛ بەو گوێرەیە كەسی شیاو لە شوێنی شیاو دادەنرێت. ئەمەش پرۆسەیەكی چاکسازی دەخولقێنی بەوەی كە هەم لەناو حزب و هەم لەناو پایەكانی حكوومەتیشدا ڕەنگدانەوە و كاردانەەوەی زۆری دەبێت."

گوتیشی: "پرۆژە چاكسازییەكەی سەرۆك بارزانی زۆر گرنگە بەڵام لەمپەری زۆریشی دێتە ڕێ؛ ئاخر كەسانی گەندەڵی باڵادەست و خاوەن پلەوپایە لە بەرژەوەندییەکەیان دەدرێت و، نابێ بە هیچ شێوەیەك چاوپۆشییان لێ بکرێت؛ دەبێ بەزموڕەزمی بندیوار بنەبڕ بکرێ."

ڕایشیگەیاند: "ئێمە گەشبینین بە پرۆسەكە و وای دەبینین بگات بە كەناری ئارام و ڕۆڵێكی زۆر كاریگەری هەبێت. بۆ چارەسەركردنی قەیران پلانی كورتخایەن و درێژخایەن هەیە، خۆشبەختانە (سەرۆك بارزانی) وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەم پرۆسەیەی ڕاگەیاندووە لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە و چەندین لیپێچینەوەش كراوە و، هیوادارین لە ئاخروئۆخری ئەم ئیمساڵە بەرەنجامەكەی ببینین و، ڕەنگ بداتەوە."
Top