سەرکردەیەکی پارتی: ئەگەر نەوشیروان مستەفا باوەڕی بە قسەکانی خۆی هەیە با بچێتە بەردەم دادگا
ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕاگەیاند: “داواکەی دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر، هیچ پەیوەندییەکی بە پارتی دیموکراتیی کوردستانەوە نییە، بەڵکو ئەوە پرسێکی ئەمنییە و پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە، حکوومەت و دادگاکان پەیوەندییان بەو بابەتەوە هەیە”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ڕوون کردەوە: "نەوشیروان مستەفا ماوەی چەند ڕۆژێکە باسی سەربەخۆیی یاسا و دادگاکان دەکات، بۆیە دەبێت بچێتە بەردەم دادگا و سەرجەم ئەو کەیسانەی لە دژی هەیە و بەڵگەکانیش لەو بارەوە خراونەتەڕوو، لەسەر خۆی پاکی بکاتەوە، ئەگەر باوەڕی بە قسەکانی خۆی هەیە لەبارەی سەروەریی یاسا، با بچێتە بەردەم دادگا".
ئەو قسانەی میرخان دوای ئەوە دێت کە بەهار مەحموود، هەڵسووڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان و نزیک لە نەوشیروان مستەفا، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو: “دادگاکان کەیسەکانی پارتی دەجووڵێنن”.
باسنیوز
