وەزارەتی ئەوقاف: چەندین شوێنی بڵاوکرنەوەی توندڕەویمان داخستووە

وەزارەتی ئەوقاف: چەندین شوێنی بڵاوکرنەوەی توندڕەویمان داخستووە
وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، بۆ وشککردنى فکرى داعش چەندین شوێنی بڵاوکرنەوەی توندڕەوی داخستووە.
مەریوان نەقشەبەندی، بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانى وەزارەتى ئەوقاف بە ئێن ئار تی ڕاگەیاند "لە دوای هاتنی چەکدارانی داعش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ توانیمانە چەندین شوێن و ڕادیۆ و دەزگای چاپ و کتێبخانە دابخەین ئەویش لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبونەوەی توندڕەوی".
سەبارەت بە لادانی چەندین مامۆستای ئاینی لە هەولێر و ئاکرێ و سلێمانی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت "لادانی ئەو مامۆستای ئایینییانەش لە چوار چێوەی ڕووبەروبوونەوەی توندڕەوی بووە".
هەروەها دەشڵێت "رادیۆی داعش کە پەخشەکەی دەگاتە سنوری قەزای بەردەرەش و سنوری خواروی دهوک ووتاری مامۆستایانی ئاینی کورد لێدەدەن کە ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم دەگرن".
بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانى وەزارەتى ئەوقاف ئەوەشى وتووە، چەندین کەسیان داوەتە دادگا کە دەبنە ئەگەری بڵاوبوونەوەی توندڕەوی و چەندی کەسیش لە ژێر چاودێریدان.
نەقشبەندى ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی دامەزراندووە بۆ ووشکردنی فکری داعش و توندڕەوی لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقافیش ئەندامی هەیە لەو لێژنەیە و بەردەوام چاودێری بڵاوکراوە و مینبەرەکانی مزگەوت دەکات بۆ بڵاونەبوونوەی فیکری توندڕەو.




سەرچاوەكان
Top