بزووتنەوەی ئیسلامی: مانەوەی کورد لە بەغدا ئاستەم بووە

بزووتنەوەی ئیسلامی: مانەوەی کورد لە بەغدا ئاستەم بووە
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان پێی وایە، بەغدا دوا وەڵامی بە کورد داوەتەوە و نوێنەرانی کورد لە بەغدا خۆیان سەرقاڵ دەکەن، ئەگینا مانەوەی کورد لە عێراق ئاستەم بووە.

د. شوان قەڵادزەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، ڕايگەیاند: “بەغدا هەوڵ دەدات گرفتەکانی ئێمە قووڵ بکاتەوە، بەتایبەتی نەناردنی پشکی بودجەی 17٪ی هەرێمی کوردستان”. گوتیشی: “بەغدا ئێمەی دەرکردووە، ئەوە ئێمەین هەر خۆمان بە بەغداوە لکاندووە، چونکە کاتێک حکوومەتی عێراق بەبێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارە کوردەکان ڕاگەیەنرا، لەوێوە کوردستان لە عێراق دەرکرا و دەبوو سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ئەو کاتە هەڵوێستی زۆر توندیان هەبووایە، بەرانبەر بە بەغدا و ئێستاش پەرلەمانتارە کوردەکان بە لێدان و سووکایەتیکردن نێردرانەوە ماڵەوە، بۆیە ئەگەر کورد بۆ بەغداش بگەڕێتەوە، قورسایی جارانی نابێت".

قەڵادزەیی جەختی لەوە کردەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا، هەرچی بەرپرسی کوردە لە بەغدا دەرکراون یانیش پۆستەکانیان لە کورد سەندراوەتەوە، کە لە نێویاندا پۆستەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سوپاسالاری عێراق، جگە لە چەندان بەڕێوەبەری گشتی. بۆیە دەڵێت: “ئیتر بۆچی کورد لە بەغدا بمێنێتەوە؟".










باسنیوز
Top