كۆنفرانسی پشتیوانیی دەوڵەتی كوردی لە نەرویج ساز دەكرێت
عارف باوەجانی، سەرۆكی ڕێكخراوی دۆستایەتیی جیهانی كوردی (وكفا) كە ئێستا بەمەبەستی بانگهێشتكردن و كۆکردنەوەی پشتیوانیی سیاسی و مەعنەوی لەو كۆنفرانسە لە كوردستانە گوتی: "یەكەمجارە لە وڵاتی نەوریج كۆنفرانسێكی لەو جۆرە دەگیرێت ئەویش بەهۆی ئەوەی كە كوردستان جەنگی دژە تیرۆر دەكات، ئەوەش سەلمێنراوە كە ئەگەر پشتیوانی هەبێت دەتوانێت ببێتە هۆی ئارامی ناوچەكە، هەروەها دروستكردنی تۆڕێكی فراوانی پشتیوانی لە كورد، هەر لەو كۆنفرانسە داوا كراوە كە ڕێكخراوەكانی مرۆیی نەرویج هاوكاریی كوردستان بكەن بۆ ناوچە وێرانبووەكانی كوردستان كە لەسەر دەستی داعش وێران كراون، هەروەها چەندان تەوەری دیكەی ئابووری و گەشتیاری لەخۆ دەگرێت".
هەرچی بەرنامەی كاریی كۆنفرانسەكەشە باواجانی گوتی چەندان پانێڵ و تەوەر لەخۆ دەگرێت یەكێك لەوانەش پانێلێكی تایبەت بە كورد دەبێت لەبارەی دیموكراسی و ریفراندۆمی كوردستان و سەربەخۆیی كوردستان و دەوڵەتی كوردی.
لەبارەی هاتنەوەیان بۆ كوردستانیش مەبەست بانگهێشتیانە بۆ ئەو كۆنفرانسە كە پشتیوانییەكی سیاسی و مەعنەوی لێ بكەن.
یەكێك لەو كەسانەی كە لە ڕێكخراوی دۆستایەتی جیهانی كوردی( وكفا)یەوە كار دەكات بۆ گەلی كورد و هەوڵی ڕێكخستنی كۆنفرانسەكە دەدات (تورە ویهەلمسەن)ە كە جێگری بەرپرسی ڕێكخراوی وكفایە و ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دی كریستیانی(مەسیحی) نەرویجیە شارەزاییەكی تەواوی لەسەر كورد هەیە و زیاتر لە 10 سەردانی بۆ پارچە جیاوازەكانی كوردستان لە توركیا و ئەرمینیا و هەرێمی كوردستانیش، بەڵێنی داوە تا لە ژیاندا بێت هەوڵ دەدات بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی كوردی و هەموو پشتیوانییەكیش لەو هەواڵانە دەكات كە بۆ ئەو ئامانجە هەنگاو بنێت.
هەروەها لە لێدوانێكی تایبەت گوتی: ئەوەی من شارەزاییم لەسەر كوردستان هەیە دەبینم بە شێوەیەكی زۆر بێ ڕەحمانە پارچە كراوە و چەندان ساڵە نەتەوەیەكی وەها گەورە زیاتر لە 40 ملیۆن كەس ئازار دەچێژن و ئێستاش كە دەرفەتێك هاتووەتە ئاراوە دەبێت هەموو نەتەوەكانی دیكە پشتیوانی بكەن بەتایبەتی نەرویج كە یەكێكە لەو وڵاتانەی رۆڵی هەبووە لە یەكلایی كردنەوەی كێشەكان هاوكاربێت تاكوو كوردیش بە ئاواتی لەمێژینەی خۆیان بگەن.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە ئێستاكە كورد لەڕێگەی هێزەكەی خۆیەوە (پێشمەرگە) جەنگی دڕەندەترین هێزی تیرۆرستی دەكات و پێشی پێ دەگرێت، نەرویج هاوكاریی سەربازی پێشمەرگەی كردووە و هێزێكی سەربازی ناردووە بۆ ڕاهێنان بە پێشمەرگە، بەڵام ئەوە هێشتا كەمە لەچاو ئەو قوربانییەی كە پێشمەرگە و كورد دەیدەن بۆ مرۆڤایەتی بۆیەش ئێمە خەریكین وڵاتی نەرویج ڕازی بكەین كە هێزێكی سەربازی تۆكمە بۆ كوردستان بنێرێت و لە پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتیشدا پشتیوانییەكی بەهێزی لێ بكات.
ئێستا وڵاتانی جیهان بەگشتی هیچ هەڵوێتسێكی نەرێنیان لە هەمبەر بابەتی دەوڵەتی كوردی و پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەنواندووە، ئەوەش وەك ئاماژەی رازیبوون بۆ سەرۆكی هەرێم دەخوێندرێنەوە بەمەبەستی ڕاگەیاندنی ئەو دەوڵەتی كە سەدان ساڵە كورد خەوی پێوە دەبینێت.
باسنیوز
