سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات
ڕۆژی شەممە 11ـی 6ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی سیاسی و سەربازیی ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ مەكفارلەند فەرماندەی هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرس و ڕاوێژكاری سەربازیی سوپای ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە شاری فەللوجە و پارێزگاكانی دیكەی عێراق تاوتوێ كرا و شاندی میوان سەرۆك بارزانیان لە پلانەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە شوێنە جیاجیاكانی عێراق و سووریا ئاگادار كردەوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای داعش و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا لە دوای داعش ئاڵوگۆڕ كرا و هەردولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە بە وردی قۆناغی دوای داعش دیراسە بكرێت و جەختیش لە بەشداریی پێكهاتەكان لە پڕۆسەی ئازادكردنی موسڵ كرایەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزی هاوپەیمانان بەرز نرخێندرا و ڕۆشناییش خرایە سەر جێبەجێكردنی بڕیاری ئەمەریكا بۆ یارمەتیدانی دارایی هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم دیدارەدا ژمارەیەك لە بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و سیاسییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.
Top