پارتى و یه‌كێتی، سبه‌ینێ له‌ هه‌ولێر كۆ ده‌بنه‌وه‌

 پارتى و یه‌كێتی، سبه‌ینێ له‌ هه‌ولێر كۆ ده‌بنه‌وه‌
سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌، شاندێكى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى نیشتمانیی كوردستان سه‌ردانى پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌كات؛ تێیدا په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا و دواپێشهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ش تاوتوو ده‌كه‌ن.


سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵا له‌ مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستان، به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموكراتى كوردستان رایگه‌یاند، سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆی سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌، شاندێكى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى نیشتمانیی كوردستان، له هه‌ولێر سه‌ردانى پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌كات.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى گوتیشى: هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى و یه‌كێتیى، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی سبه‌ینێیاندا، په‌یوه‌ندى نێوان هه‌ردوولا و دواپێشهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ش تاوتوو ده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌ باڵاكه‌ى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى گوتیشى: شانده‌كه‌ی مه‌كته‌بى سیاسیی پارتى كه‌ جێگری سه‌رۆكی پارتی(نێچیرڤان نارزانى) سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، به‌ ئه‌ندامه‌تیی هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی (فازڵ میرانى) و (رۆژ نوورى شاوێس) و (مه‌حموود محه‌ممه‌د) و (ئازاد به‌روارى)، له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ی یه‌كێتیدا كۆ ده‌بنه‌وه‌.

پاش ڕێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتیدا ساز ده‌درێ.
پێشتر چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان رایانگه‌یاندبوو، كه‌ پارتی پێشوازیی له‌ هیچ شاندێكی هاوبه‌شی یه‌كێتی و گۆڕان ناكات و، ده‌یه‌وێ به‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا كۆ ببێته‌وه‌.













KDP
Top