وەزارەتی پەروەردە: زیاتر لە 77 کەس دەستگیر کراون و لەسەر کار لادراون
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، بەسوپاسەوە دەزگاکانى دادوەرى و ئەمنى لە بەدواداچوونى هەر پڕوپاگندە و زانیارییەک هاوکارن و ئەگەر هەر دەنگۆ و بەڵگەیەک نەسەلمێندرێت، ڕێکار و سزاى یاسایی دەگیردرێتە بەر و سەرپێچیکاران و ئەوانەى دەستیان لە بڵاوکردنەوە و دروستکردنى پڕوپاگندە هەبێت، دەدرێنە داگا.
وەزارەتی پەروەردە رایدەگەیێنێت: "لەم چوارچێوەیە و لە چەند رۆژى رابردوودا، وەزارەتى پەروەردە بە هاوکاری دەزگا پەیوەندیدارەکان، لێکۆڵینەوەکانى درێژە پێ دەدات و دواجار چاوەڕوانى یاسا دەبین کە بڕیارى خۆى بدات:
1. گیرانى دوو بەڕێوەبەرى هۆڵ و یاریدەدەرەکانیان لە سنوورى گەرمیان (کفرى).
2. گیرانى بەڕێوەبەرێک و یاریدەدەرەکەى و (9) کەسى دیکە لە سنوورى رانیە و ئێستاش لە ئاسایشى رانیە دەستبەسەرن.
3. گیرانى بەڕێوەبەرێکى هۆڵ و دوو چاودێر لە سەنتەرى شارى هەولێر، بە هۆى ئەوەى سەعات (9:00) بە مۆبایل وێنەى پرسیارى تاقیکردنەوەکانیان گرتووە بۆ ئەوەى بیاننێرنە دەرەوە، لە کاتێکدا بە پێى رێنمایی نابێت مۆبایل بچێتە هۆڵەکانەوە.
4. گیرانى (15) کەس لەوانەى پڕوپاگەندەیان کردووە بۆ دەستکەوتن و فرۆشتنى پرسیارى تاقیکردنەوەکان و بازرگانیکردن بەم ناوەوە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەولێر.
5. لادانى (16) بەڕێوەبەرى هۆڵ لە ئەرکەکانیان و دروستکردنى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە بە ئامادەبوونى نوێنەرى داواکارى گشتى لە پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى گەرمیان و ڕاپەڕین و لادانى (5) بەڕێوەبەرى هۆڵ و یاریدەدەرەکانیان لە هەولێر.
6. دەستگیرکردنى ژمارەیەک کەرەستە و ئامرازى وەک بلوتوس و مۆبایل و ئامێرى دیکەى گزیکردن کە بەم هۆیەشەوە زیاتر لە (25) قوتابی و خوێندکار دەردەکرێن و لە سەرجەم تاقیکردنەوەکانیش بێبەش دەکرێن و بەدواداچوونى یاسایی بۆ ئەو کەسانەش دەکرێت کە بازرگانییان بەم ئامێرانەوە کردووە و سزاى توند دەدرێن.
7. چەند پەیجێکى کۆمەڵایەتى، زۆر نابەرپرسانە پڕوپاگندەى فرۆشتن و ئاشکرابوونى پرسیارەکانیان بڵاو کردەوە، بۆیە وەزارەتى پەروەردە داواى یاسایی لەسەر تۆمار کردوون و دڵنیاین چ ئەوانەى لە هەرێمن و چ ئەوانەیش کە لە دەرەوەى هەرێمن، لە ڕێگەى یاساوە بەدواداچوونى تەواویان بۆ دەکرێت و بە تێوەگلانیان سزاى قورس دەدرێن و هەر کەسێکیش لەمەولا و بە هەر مەبەستێک بچێتە ئەم چوارچێوەیەوە وەزارەت بە پێى یاسا داواى یاسایی لەسەر تۆمار دەکات.
رووداو
