سنە.. بەندکراوێکی سیاسیی کورد یەک هەفتەیە بێسەروشوێنە
ئەمڕۆ چوارشەممە (8.6.2016)، ناوەندی بەرگری چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان، بڵاوی کردەوە؛ مستەفا سەلیمی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، لە هەفتەی ڕابردووەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سەقزەوە گواستراوەتەوە بۆ شوێنیکی نادیار".
کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستانی گوتووە؛ هاوبەندییەکی مستەفا پێی ڕاگەیاندوون کە هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانە بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکارەکەی بکەن ئەو بەندکراوەیان گواستووەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار".
مستەفا سەلیمی، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی و ئەندامبوون لە حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی کوردی، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.
باسنيوز
