مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست نابڕدرێت

مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست نابڕدرێت
بەرپرسێكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەنگۆی بڕینی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لەوەرزی هاویندا ڕەتدەكاتەوە و ڕوونكردنەوەیەكیش دەدات.

مامۆستا سۆران عومەر، بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە، ڕاگەیاند: "هەموو ئەو دەنگۆیانەی كە لەبارەی بڕینی مووچەی مامۆستایانی گرێبەستەوە هاتوونەتە ئاراوە دوورن لە ڕاستییەوە و نووسراوی فەرمیمان بەدەست نەگەشتووە".

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە گوتیشی: "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای هەڵەبجە، 98 مامۆستا و فەرمانبەرمان بەشێوەی گرێبەست بۆ دامەزراوە، بەگوێرەی پێداویستی خوێندنگاكانیش دابەشمان كردوون و زۆربەیان هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس و دبلۆمن و ئەو مامۆستایانەی خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆسن، مووچەكانیان 250 هەزار دینارە، بڕوانامەی دبلۆمیش مووچەكەی 200 هەزار دینارە، فەرمانبەرەكانیش بەپێی بڕوانامەكانیان مووچەكانیان لە نێوان 200 بۆ 250 هەزار دینار دایە."

ڕوونیشیكردەوە، ئەو مامۆستایانەی كە بەشێوەی گرێبەست دامەزراون لە 30/9/2016 كۆتایی بەگرێبەستەكانیان دێت، بۆیە تا كۆتایی بە وادەی ئەو گرێبەستە نەیەت، ناتوانرێت مووچەكانیان ببڕر درێت و لە سێ مانگی هاوینیشدا موچەی خۆیان وەردەگرن.









باسنیوز
Top