ئەنجوومەنی نەینەوا، بڕیاری دەركردنی پەكەكەی لە شنگال دا

 ئەنجوومەنی نەینەوا، بڕیاری دەركردنی پەكەكەی لە شنگال دا
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایدەگەیێنێت، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیاری دەركردنی پەكەكەی لە شنگال پەسەند كردووە، لەبەر ئەوەی هێزێكی ناشەرعین و، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش باس لەوە دەكەن، تاوەكو پەكەكە لە شنگال بن، ئامادە نین ئاوەدانی بكەنەوە.

(غەزوان حامد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە دواكۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری دەركردنی پەكەكەی لە شنگال پەسەند كرد، كە پێویستە ئەو ناوچەیە چۆڵ بكەن و، حكوومەتی عێراقیش بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ بگرێت، لەبەر ئەوەی ئەمە هێزێكی ناشەرعین و پێشێلكردنی سیادەی عێراقیشە".

(حامد) گوتیشی، جگە لەوە، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش باس لەوە دەكەن كە، تاوەكو پەكەكە لە شنگال بێت و بارەگا حكوومییەكان چۆڵ نەكەن، ئامادە نین شنگال ئاوەدان بكەنەوە، بۆیە پێویستە شنگال چۆڵ بكەن و نەبنە رێگر لە بەردەم ئاوەدانكردنەوەیدا.

ڕوونیشی كردەوە كە، هیچ وادەیەك بۆ دەركردنیان دیاری نەكراوە، بەڵام بۆ ئەمە پێویستە بەغدا بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ بگرێت.











KDP
Top