سلێمانی.. پارتی و یەکێتی بەبێ گۆڕان کۆ دەبنەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکەن
ئەمڕۆ سێشەممە (7.6.2016)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆ بووەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە کۆبوونەوەکە ئامادە بوو، گوتی: "پارتی و یەکێتی تەنیا گلەییان لە یەکدی هەیە، ئەویش هۆکارەی سروشتی کارکردنە، ئەگینا ئەو دوو حزبە سەرەکییەی کوردستان هاوپەینانن و گلەییەکانمان لە یەکدی تەنیا لە بەڕێوەبردنی ئێدارییە."
بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی و یەکێتیدا لەبارەی چارەنووسی ناوچە کێشە لەسەرەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و هەندێ پرس و کێشەی دیکە باس و گفتوگۆ کراوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: "پارتی و یەکێتی بەرپرسایەتیی گەورەیان لە بەرانبەر بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەیە و ئەرکی ئاسایشی وڵاتیان لە ئەستۆیە، بۆیە هەرگیز لە یەکدی زویر نابن".
عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەو بارەیە گوتی: "یەکێتی کۆمەڵێک بەرنامەی خۆی هەیە و کار دەکات بۆ ئەوەی بەپێی بەرنامە سیاسییەکانی خۆی قسە لەگەڵ پارتی بکات، پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕێی ئەوەیە کە بە هاوفکری کێشەکان چارەسەر بکرێن".
هاوکات عەلی حوسێن گوتیشی: "پارتی و یەکێتی خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ یەکدی زۆرە". ئەم سهردانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی، دوای گرژبوونەوەی پهیوهندییهكانی پارتی و گۆڕان کەله 6 مانگی رابردوودا ڕوویان داوە و دوای ڕیککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان، ئەمە یەکەم دانیشتنی نێوان پارتی و یەکێتییە.
باسنيوز
