شاندێکی باڵای پارتی سەردانی یەکگرتووی ئيسلامى كرد
رۆژی دووشەممە6-6-2016 شاندێکی باڵای پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی سەڵاحەدین محەممەد بەھائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیان لە شاری ھەولێر کرد.
بەپێی میدیایی فەرمی یەکگرتوو شاندەکەی پارتی پیرۆزبایی ھەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی، ستافی نوێ و بەستنی کۆنگرەی حەوتەمیان لە یەکگرتوو کردووە. "ھەروەھا شێوازی بەستنی کۆنگرە و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتیان لەنێوخۆی یەکگرتوو بە نموونەیەکی جوان و سەرکەوتووی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان وەسفکردووە".
هەر بەپێی راگەیێندراوەكە "شاندەکەی پارتی رۆڵی یەکگرتوو و ئەمنیداری ئەو حیزبەیان لە یەکخستن و پاراستنی یەکڕیزی گەلی کوردستان بەرز نرخاندووە".
لای خۆیەوە ئەمینداری گشتی یەکگرتوو جەختی لە سەر گرنگی پاراستنی یەکڕیزی نێو ماڵی کورد و پەرەپێدان بە دەستکەوتنەکان و یەکخستنی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانی کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەلا قەیرانەکان.
لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پارتی سەڵاحەدین بەھائەدین داوای لە لایەنەکان کردووە "ژیرانە مامەڵە لەگەڵ و رووداوەکان بکەن" و قۆناخەکەشی بە ھەستیار وەسفكردووە.
ئەمینداری گشتی یەکگرتوو گوتوویەتی "پێویستە ھەموومان ئەو ئەزموونە ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی بپارێزین و پەرەیپێبدەین، ئەمڕۆ گەلەکەمان لە بەردەم دەرفەتێکی مێژووی گەورەدایە، بە یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەتوانین بە مافی مێژوویی خۆمان بگەین".
