"گوندە ئازادکراوەکان تا ئێستا ٩٥٠ بۆمبیان لێ پووچەڵ كراوەتەوە"

فەرماندەی كەتیبەی ئەندازەی سەربازی سەر بە فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانیی یەك ڕایگەیاند، داعش نیوەی زیاتری ماڵە شەبەک و کاکەییەکانی بۆمبڕێژ كردووە، كە تا ئێستا توانیومانە لە ڕێگەی سەرەكییەكان و ڕێگەی گوندەكان ٩٥٠ بۆمب پووچەڵ بكەینەوە و بەردەوامیش دەبین لە خاوێنكردنەوەی ئەو گوند و ئاواییانە.

(لیوا مەحموود كاكەیی) فەرماندەی كەتیبەی ئەندازەی سەربازی سەر بە فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانیی یەك، وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوت: "دوای ئازادكردنی گوندەکانی شەبەك و كاكەییەکان لە سنووری میحوەری خازر لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی (سەرۆك بارزانی) تا ئێستا كەتیبەی ئەندازیاریی سەربازی سەر بە پشتیوانی یەك زیاتر لە ٩٥٠ بۆمبی چێندراو پووچەڵ كراونەتەوە و لەناو براون."

گوتیشی: "ئێستا دەستمان بە خاوێنكردنەوەی ڕێگە سەرەكییەكان و ڕێگەی گوندەكان كردووە؛ دوای ئەوەیش دەست بە خاوێنكردنەوەی خانووەكان دەكەین، كە نیوە زیاتریشیان بۆمبڕێژ كراون؛ بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین پەلەپەل نەگەڕێنەوە بۆ گوند و ئاواییەكانی خۆیان نەکا تووشی زەرەر و زیانێک ببن."









KDP
Top