وەزارەتی شەهیدان: لە حەردان نزیکەی دە گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە (6.62016)، فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، لەبارەی هاوکاریی بەغدا و هەرێمی کوردستان بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان گوت: "تاکوو ئیستا هیچ نووسراوێکی فەرمی لەلایەن بەغداوە بەدەست وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان نەگەیشتووە کە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان رێگری لە هەرێمی کوردستان بکات و لە ڕابردوودا چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ بە هاوکاریی وزارەتی مافی مرۆڤی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵدراونەتەوە".
فوئاد عوسمان گوتیشی: "بەهۆی ئەو چاکسازییانەی کە عەبادی بڕیاری دا لە کابینەکەی خوێدا بیکات، وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق هەڵوەشایەوە، بۆیە کەیسی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە، ئەوە لە کاتێک دایە کە بڕیارە لە داهاتوودا ئەو کەیسە بدرێتە دەزگای شەهیدانی عێراق، بەڵام تا ئێستا ئەو پرسە لە بەغدا یەکلا نەبووەتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان، ئاشکرای کرد؛ سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگال، بەڵام وەکوو وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی ئەوەین کە ڕێککەوتنێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ACMP واژۆ بکەین بۆ ئەوەی ئەو ڕێکخراوە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەگەڵمان بەشدار بێت و مۆرکێکی نێودەوڵەتی وەربگرێت".
لەبارەی ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، فوئاد عوسمان ئەوەشی خستەڕوو؛ ئەو گۆڕانەی دەستنیشان کراون، گۆرە بەکۆمەڵەکانی چواڕییانی حەردانە کە نزیکەی دە گۆڕی بە کۆمەڵە و چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی زۆری ڕووفاتی دانیشتووانی ناوچەکەی تێدا بێت، ئەمەش جگە لەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی ناو شەنگاڵ و جگە لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەش کە لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعش ماونەتەوە و تا ئێستا ئازاد نەکراون بۆ نموونە ئەو کۆمەڵکوژییەوەی لە گوندی کۆجۆ کرا، هەمویان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ژێر خاک کراون".
باسنیوز
