بارزانی: پرۆفیسۆر زەڵمی رۆڵێکی گرینگی لە دژایەتی بیری تووندڕەوی هەبوو
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی بە کەسایەتییەکی زانا و بیرمەندێکی بە ئەزموون و بەتوانا ناوزەد دەکات و رایدەگەیێنێت: "دکتۆر مستەفا زەڵمی کەسایەتییەکی گەورە و بەناوبانگی جیهانی ئیسلامی بوو و وەک عەللامە و بیرمەندێکی گەورە پێگەیەکی گرینگی لە ناوەندە زانستی و ئایینییەکاندا هەبوو".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها لە پەیامەکەید ئاماژە بە رۆڵی ئەو کەسایەتییە لە سەر ئاستی کوردستان دەکات و رایدەگەیێنێت: "پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا لە سەر ئاستی کوردستان، راوێژی شەرعی و یاسایی پێشکەشی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان کردووە و رۆڵێکی گرینگی لە هەموارکردنەوەی یاسای باری شارستانی و برەودان بە رەوتی میانڕۆی ئایینی و عەقڵانییەت و دژایەتی بیری تووندڕۆیی هەبوو".
كاژێر یەكی بەرەبەیانی رۆژی شەممە 4-6-2016 زانای ناوداری كورد و جیهانی ئیسلامی پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی لەنەخۆشخانەی پار لەشاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بنەماڵەی بەڕێزی پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی
هەواڵی كۆچی دوایی بیرمەندی ناوداری کوردستان و جیهانی ئیسلامی و کەسایەتیی نیشتیمانپەروەری کوردستان، پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی خەمباری کردم.
دکتۆر مستەفا زەڵمی، وەک زانا و بیرمەندێکی بە ئەزموون و بەتوانا، کەسایەتییەکی گەورە و بەناوبانگی جیهانی ئیسلامی بوو و وەک عەللامە و بیرمەندێکی گەورە پێگەیەکی گرینگی لە ناوەندە زانستی و ئایینییەکاندا هەبوو و بەرهەمەکانی دەگاتە زیاتر لە ٧٠ کتێبی چاپکراو و چاپ نەکراو کە هەندێکیان لە زانکۆکاندا بوونەتە مەنهەج و بۆچوونەکانیشی لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی جێگەی متمانە بوون.
پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا لە سەر ئاستی کوردستانیش، ڕاوێژی شەرعی و یاسایی پێشکەشی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان کردووە و ڕۆڵێکی گرینگی لە هەموارکردنەوەی یاسای باری شارستانی و برەودان بە ڕەوتی میانڕۆی ئایینی و عەقڵانییەت و دژایەتی بیری توندڕۆیی هەبوو و بەوەیش خزمەتێکی گەورەی پێشکەشی پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکرد و لەدەستدانی بۆ کوردستان و عێراق و جیهان، خەسارەتێکی گەورەیە.
لەم بۆنە خەمناکەدا لە دڵەوە سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و کەسوکار و خزمان و ئاشنایانتان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینیی کوردستان دەکەم و هاوبەشی خەمتانم.
لە خودای گەورە داواكارم گیانی پاکی دکتۆر مستەفا بباتە بەر ڕەحمەتی خۆی و دڵنەوایی و ئارامییش بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا لله و انا الیه راجعون
مسعود بارزانی
٤ـی ٦ـی ٢٠١٦
