مێردمنداڵێك برا گەورەكەی خۆی دەكوژێت

مێردمنداڵێك برا گەورەكەی خۆی دەكوژێت
گەنجێك بە دەمانچەی باوكی خۆی دەكوژرێت، بەڵام گێڕانەوەی جیاواز لەبارەی رووداوەكە بڵاودەبنەوە. باوكیان دەڵێت "كوڕەكەم بە هەڵە فیشەكی لەدەست دەرچووە". بەڵام پۆلیس دەڵێت لەگەڵ برایەكی خۆی شەڕیان بووە.

سەرلەبەیانی رۆژی 20/5/2016 لەنێو بازاڕی قەزای بنەسڵاوەی سەر بە شاری هەولێر، گەنجێكی تەمەن 22 ساڵ بەنێوی حوسێن رەجەب كە پێشمەرگە بوو، كوژرا و پەنجەی تۆمەتیش بۆ برایەكی خۆی درێژ دەكرێ.

(م.رەجەب) كە تۆمەتبارە بە كوشتنی براكەی خۆی، تەمەنی تەنیا 14 ساڵە و وەك دەگوترێ، بە دەمانچەی باوكی تاوانەكەی كردووە و دوای رووداوەكەش خۆی حەشارداوە و تاوەكو ئێستا دەستگیر نەكراوە.

خێزانی ئەو دوو برایە دووكانێكی مریشكفرۆشییان لە نێو بازاڕی بنەسڵاوە هەیە و رووداوەكەش هەر لەبەردەم دووكانەكەدا روویداوە.

نەقیب هۆگر عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند "ئەو دوو برایە لە دووكانەكەیاندا پێكەوە كاریان كردووە، لەسەر پاككردنی مریشك بەشەڕ هاتوون، برا گەورەكە داوای لە برا بچووكەكەی كردووە كە مریشك پاك بكاتەوە، ئەویش بە قسەی نەكردووە، بەو هۆیەوە بووەتە دەمەقاڵێیان، دواتر برا بچووكەكە دەمانچەی لە ئۆتۆمبێلەكەی باوكی دەركردووە و دیارە لە حاڵەتی هەڵچووندا بووە و برا گەورەكەی خۆی كوشتووە".

بەڵام سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت شەڕەكەیان لەسەر شتێكی دیكە بووە نەك مریشك پاككردنەوە. ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت "تۆمەتبارەكە قژی زۆر بووە، براكەی چەند جارێك داوای لێكردووە قژی كورت بكاتەوە، بەڵام بە قسەی نەكردووە، ئەو رۆژە دیسان ئەو داوایەی لێكردووەتەوە، بەڵام هەر بە گوێی نەكردووە و لەسەر ئەوەش بووەتە شەڕیان، حوسێن زللەیەكی لە (م) داوە، ئەویش دەمانچەی باوكی لە نێو ئۆتۆمبێلی باوكی دەرهێناوە و تەقەی لە براكەی كردووە، گوللەیەك بەر سینگی كەوتووە و هەر لەبەردەم دووكانەكەیاندا گیانی دەرچووە".

بەڵام كەسوكاری كوژراوەكە ئەو قسانەیان رەتكردەوە كە حوسێن بە دەستی براكەی كوژرابێت. رەجەب جەبار باوكی حوسێن بە (رووداو)ی راگەیاند "كوڕەكەم نەكوژراوە، بەڵكو لەنێو ئۆتۆمبێلەكەمدا دەستكاری دەمانچەكەی كردووە و بە هەڵە فیشەكی لەدەست دەرچووە".

رەجەب ئەوەشی رەتكردەوە كە حوسێنی كوڕی لە دووكانەكەیاندا كاری كردبێ‌ و گوتی "كوڕەكەم لەگەڵ خۆم پێشمەرگە بوو، سێ‌ ساڵیش دەبێت نەچووەتە دووكانەكەمان" رەجەب گوتیشی "ئەو رۆژە لە كاژێر چواری بەرەبەیانی هاوڕێیەكی پەیوەندی پێوەكردین كە خێزانەكەی منداڵی دەبێت و دەیەوێت بیگەیەنێتە نەخۆشخانە، ئەویش گەیاندبووی و لە كاژێر نۆی بەیانی سەردانی دووكانی كرد، من و دوو برای دیكەشی پێشتر چووبووینە دووكان".

بە گوتەی باوكیان، كاتێك ئەو كوڕەی لە دووكان سەیری قژی براكانی كردووە كە درێژ بووە، داوای لێكردوون چاكی بكەن و یەكێكیان بە قسەی كردووە، بەڵام ئەوەی دیكەیان نا.

وەكو رەجەب دەڵێت، هەندێك پێداویستی بۆ ماڵەوە كڕیوە و بە كوڕە بچووكەكەیاندا و بە ئۆتۆمبێل رەوانەی كردووەتەوە و گوتی "دواتر كوڕە بچووكەكەم هاتەوە و ئۆتۆمبێلەكەی لە پشت دووكان راگرتبوو، پاشان حوسێن چووبووە نێو ئۆتۆمبێلەكەوە و رەنگە بە دەمانچەش لە كوڕە بچووكەكەمانی دابێت، بەڵام دواتر دەستكاری دەمانچەكەی كردووە و بە هەڵە فیشەكی بەخۆیەوە ناوە".

سەبارەت بەزانیارییەكەی پۆلیس كە دەڵێن كوژراو لەسەر پاككردنی مریشك كوژراوە، باوكیان گوتی "ئەوە دوورە لەڕاستییەوە"، دەربارەی زانیاری سەرچاوەكەی (رووداو)یش كە دەڵێ لەسەر قژ تاشین بووە، گوتی "نەخێر ئەوەش راست نییە".

رەجەب ئەو قسەیەی پۆلیسیشی رەتكردەوە كە كوڕە تۆمەتبارەكەی خۆی حەشاردابێ و گوتی "كوڕەكەم لای خۆمە، لەبەرئەوەی كوڕەكەی دیكەم خۆی كوشتووە و ئێستا سەرقاڵی پرسەین، ئامادەم دوای تەواوبوونی پرسەكە رادەستی یاسای بكەم، بەڵام دەزانم بێ‌ تاوانە".





رووداو
Top